Skip to the content

وەفدی باڵای هەرێم لەگەڵ لیژنەی راسپێردراوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - ئێوارە‌ی ئە‌مڕۆ پێنج شە‌ممە‌ 10 كانونی یەكەمی 2020 وە‌فدی باڵای حكومە‌تی ھە‌رێم بە‌ سە‌رۆكایە‌تیی قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران، لە‌گە‌ڵ ئەو لیژنە‌یەی ئەنجومەنی نوێنەران كۆبووەوە كە بۆ گفتۆگۆكردن و دۆزینە‌وە‌ی چارە‌سە‌ری گونجاو و دە‌ستوری بۆ كێشە‌كانی نێوان ھە‌‌رێم و حكومەتی فیدراڵی راسپێردراوە.

لە‌ كۆبوونە‌وە‌كەدا‌ ڕاشكاوانە‌ باس لە‌ ھۆكارەکانی دروستبوونی كێشە‌كان و چۆنییە‌تی چارە‌سە‌ركردنیان كرا لە‌پێناو بە‌رژە‌وە‌ندی ھاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق.

لای خۆیەوە قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران، بە‌ لیژنە‌ی راسپێردراوی راگەیاند حكومە‌تی ھە‌رێم ھە‌موو ئامادە‌ییەكی دە‌ربڕیوە‌ بۆ ئە‌وە‌ی بە‌پێی دە‌ستور و یاسا بە‌ركارە‌‌كان مامە‌ڵە‌ لە‌گە‌ڵ ماف و شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێم بكرێت و ئامادە‌ییشی دە‌ربڕیوە‌ بۆ گە‌یشتن بە‌ڕێككە‌وتن.

لیژنە‌ی راسپێردراوی پەرلەمان پێشتر كۆبوونە‌وە‌یان لە‌گە‌ڵ لایە‌نە‌ پە‌یوە‌ندیدارە‌كانی عێراق كردووە‌ و لە ‌سە‌روبە‌ندی ئامادە‌كاری راسپاردە‌كانی خۆیاندان بۆ ئە‌وە‌ی بە‌زووترین كات میكانیزمی گونجاو بدۆزنە‌وە‌ بۆ پرسە‌ ھە‌ڵپەسێردراوكان بە‌تایبە‌ت كێشەكانی نە‌وت و دارایی.

لە ‌كۆتایی كۆبوونە‌وە‌كە لیژنەكە داوای خستنە‌ڕووی پێشنیار و راسپاردە‌كانیان كرد لە‌ وە‌فدی باڵای حكومە‌تی ھە‌رێم، بۆ ئە‌وە‌ی ئە‌وانیش لە‌گە‌ڵ پلانە‌كانی خۆیان یە‌كیان بخە‌ن و دە‌رچە‌یە‌كی گونجاو دابڕێژرێت كە‌ ئاسانكاریش بكات بۆ دیاریكردنی ئە‌رك و مافە‌كانی ھە‌رێمی كوردستان لە‌ بودجە‌ی 2021.

بڕیاریشە لیژنەکەی پەرلەمان لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا كۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بكات بۆ گەڵاڵەگردنی رێگا چارەیەكی دەرچوون لە كێشەكان كە لە بەرژەوەندی هەردوولا بێت.