قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتی كۆبوونەوەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای كرد
سلێمانی، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران بەئامادەبوونی هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەتی لایەنە پەیوەندیدارەكانی سلێمانی كرد بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ئەگەری بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا.
لە كۆبوونەوەكەدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٠/٢/٢٣ لەباڵەخانەی پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو، ئامادەكارییەكان و چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی بارودۆخەكە، لەگەڵ پێداویستییەكان و زەمینەی سەرخستنی رێوشوێنەكانی روبەڕووبونەوەی مەترسی و ئەگەرەكان، خرانە بەرباس.
جێگری سەرۆك وەزیران داوای لە لایەنی تەندروستی كرد هەوڵی زیاتر بۆ كۆنتڕۆڵكردنی سنورەكان بدەن و ئامادەیی حكومەتی هەرێمی خستەڕوو بۆ هاوكاری و دابینكردنی پێداویستییەكان لەوبارەیەوە، هەروەها رایسپاردن بەردەوام بن لە پێدانی زانیاری و رێنمایی بە هاوڵاتیان لەبارەی چۆنییەتی خۆپاراستنەوە لەرێگەی بەرێوەبەرایەتییەكانی تەندروستیییەوە.
لەكۆبوونەوەكەدا ئەوەش خرایەڕوو، تا ئێستا هەرێمی كوردستان پاكە لە پەتای كۆرۆنا و ئەوەی هەیە هەوڵی پێشگرتن و بەرەنگاربوونەوەی ئەگەرە كە لەزۆربەی وڵاتانی جیھان پیادە دەكرێت، هەر لەم میانەیەشدا قوباد تاڵەبانی جەختی كردەوە سەلامەتی و تەندروستی ژیانی هاوڵاتیانی كوردستان خەمی یەكەمی حكومەتەو لەو پێناوەشدا هیچ درێغییەك ناكات.
لەكۆتاییشدا بڕیاردرا كۆبوونەوەكان بەردەوام بن لە رۆژانی داهاتوودا لەمبارەیەوە.