قوباد تاڵەبانی و باڵیۆزی كەنەدا كۆمەڵێك پرسی هاوبەشیان تاوتوێ كرد
• جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی چۆنیەتی کەڵک وەرگرتن لە شارەزایی پسپۆڕە کەنەدییەکان بۆ پێشخستنی کەرتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەگەڵ باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق کرد.
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - رۆژی چوارشەممە ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٠ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، لە هەولێر، پێشوازی لە باڵیۆزی كەنەدا لە عێراق، ئۆلریک شانۆن و وەفدی هاورێی كرد، لە كۆبوونەوەیەكیشدا هەردوولا تاوتوێی رۆڵ و پێگەی هێزەکانی کەنەدا یان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، كرد.
جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە لەسەر مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش، لەم چوارچێوەیەشدا بە گرنگی زانی کە هەموو لایەنەکانی بەشدار لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوامبن لە هەماهەنگی و هاوکاریکردنی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ ئەو مەبەستە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا لەبارەی چۆنیەتی کەڵک وەرگرتنی هەرێمی کوردستان لە شارەزایی پسپۆڕانی کەنەدی لە پێشخستنی کەرتە جیاوازەکان لە هەرێم، بە تایبەتی کەرتەكانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی سیاسی عێراق و پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق کرا و تیایدا جێگری سەرۆک وەزیرانی بۆچوونی هەرێمی کوردستانی لەوبارەیەوە بۆ باڵیۆزی کەنەدا روون کردەوە.