قوباد تاڵەبانی و شاندێكی ئەمەریكا چاكسازییەكانی پێشمەرگەیان تاوتوێ كرد
هەولێر، هەرێمی كوردستان، عیراق (GOV.KRD) - جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ستایشی رۆڵی ئەمەریكا وھێزە ھاوپەیمانەكانی كرد لەبەرامبەر ھەماھەنگییان لە پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە.
ئەمڕۆ دوو شەممە ٢٤/٢/٢٠٢٠، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەھەولێر لەگەڵ شاندێكی سەربازی و دیبلۆماسی ئەمەریكی كە لە گریگۆری كرودەر بەرپرسی نوسینگەی ھەماھەنگی ئەمنی لە عێراق و ستیف فەیگن كونسوڵی گشتی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ھەرێمی كوردستان و وەفدێكی یاوەریان پێكھاتبوو، پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی كوردستان و عێراقیان خستە بەرباس.
لەكۆبوونەوەكەدا هەنگاوەكانی چاكسازی لە وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە و رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە خرانە بەرباس، هەروەها رۆڵی هێزەكانی هاوپەیمانان و ولایەتە یەكگرتووەكان لە پاڵپشتی كردنی پرۆسەكە جەختی لێ كرایەوەو قوباد تاڵەبانی ستایشی رۆڵی ھێزەكانی ئەمریكا و ھاوپەیمانانی كرد لەوبارەیەوە.
لەگفتوگۆكاندا هەردوولا هاوڕابوون كە هێشتا پاشماوەكانی داعش و ژێرخانی ئەم رێكخراوە تیرۆریستییە مەترسین لەسەر ئاسایشی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم مەترسییەش هاریكاری پێشمەرگەو هێزە عێراقییەكان و هاوپەیمانان بەكارێكی پێویست درایە قەڵەم و رێوشوێنەكانی تاوتوێ كران.
لە دیدارەكەدا دوا پێشهاتە سیاسییەكانی عێراق و ناوچەكەش خرایە بەرباس و بیروڕایان لەبارەیەوە ئاڵۆگۆڕ كرا.