قوباد تاڵەبانی بارودۆخی عێراقی لەگەڵ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا تاوتوێ كرد
• جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان جەختی لە گرنگی هەنگاونان بەرەو هێوركردنەوەی دۆخی عێراق كردەوە.
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - رۆژی پێنجشەممە ٢٠٢٠/١/٩ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەھەولێر پێشوازی لە دەیڤد شنکەر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزيك و ستیڤن فەیگن کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە ھەرێمی كوردستان كرد و پێكەوە دوا پەرەسەندنەکانی عێراق وناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
لەمیانەی دیدارەكەدا قوباد تاڵەبانی نیگەرانیی خۆی و خەڵكی هەرێمی كوردستانی لەبارەی گرژبوونی بارودۆخی ناوچەکە لە ئەنجامی رووداوەکانی ئەم دواییە بۆ شاندی میوان روونكردەوە و جەختیشی لە گرنگی هێورکردنەوەی بارودۆخەکە کردەوە.
هەردوولا هاوڕابوون لە سەر ئارامکردنەوەی بارودۆخی عێراق و دەستنیشانكردنی حکومەتێکی کارا و بەرپرسیار لە بەغدا کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەرێم هەبێت و رێز لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت.