قوباد تاڵەبانی لەگەڵ نوێنەری سەرۆکی روسیا دۆخی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد
• قوباد تاڵەبانی: کورد لە ململانێ و بارگرژییەکان بەشێک دەبێت لە چارەسەر
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ وەفدێکی روسیا بە سەرۆکایەتی میخائیل بۆگدانۆڤ جێگری وەزیری دەرەوە و نوێنەری تایبەتی سەرۆکی روسیا کۆبووەوە و هەڵوێستی کوردی لەبارەی بارگرژییەکانی عێراق و ناوچەکەی بۆ شاندی میوان روونكردەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی ٣٠ کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ لە هەولێر بەڕێوەچوو، هەر یەکە لە سەعدی ئەحمەد پیرە، شۆڕش ئیسماعیل، حەمەی حەمە سەعید و دارا ڕەشید بەشداربوون، قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە کە کورد لە ململانێ و بارگرژییەکانی عێراق و ناوچەکە بەشێک دەبێت لە چارەسەر و هەوڵ بۆ هێورکردنەوەی بارگرژییەکان دەدات و بە هیچ شێوەیەک نابێتە بەشێک لە ململانێیەکان و لە دژی هیچ لایەنێک کار ناکات.
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشکرد کە لەم دۆخەدا پێویستە هێز و لایەنە عێراقییەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش هەمووان پێکەوە هەوڵ بدەن بۆ هێورکردنەوەی بارگرژییەکانی عێراق و رێگە نەدەن لەوە زیاتر بارگرژییەکان تەشەنە بکەن و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر كاركردن بۆ ئەوەی عێراق نەبێتە گۆڕەپانێك بۆ كێشمەكێشە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندیی مێژووی نێوان کورد و روسیا كرا بە تایبەت پەیوەندییە مێژووییەکانی سەرۆک مام جەلال لەگەڵ روسیا و قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە کە لەم قۆناغەشدا کورد لەسەر هەمان بنەما درێژە بە پەیوەندی و دۆستایەتی نێوان هەردوولا دەدات.
ھەروەھا جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ نوێنەری سەرۆکی روسیا باسی لە دۆخی سوریا و رۆژئاوای کوردستان کرد و رایگەیاند پێویستە کێشەی سوریا بە شێوەیەک چارەسەر بکرێت کە هەموو مافەکانی کوردی تێدا پارێزراو بێت و هەردوولا جەختیان كردەوە كە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر لەناوچەكە مەترسییە بۆ سەر هەموولا و پێویستە بەوریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.
شاندەکەی ڕووسیا جگە لە میخائیل بۆگدانۆڤ ، پێکهاتبوو لە ئۆلێگ لێڤن کونسوڵی گشتی کۆماری ڕووسیای فیدڕاڵ لە هەولێر، ئەلێکساندەر چێرکاشینین جێگری کونسوڵی گشتی و نیکیتا موراڤیێڤ بەرپرسی بەشی پەیوەندیەکانی دەرەوە.