قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کۆنسوڵی ئەمریکا لە هەرێم کۆبووەوە
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند: ئامانجی حکومەتی هەرێم ئەوەیە هەموو کێشەکانی لەگەڵ بەغدا بە دانووستان و بەپێی دەستور چارەسەر بکات.
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی پێنجشەممە ١٦ کانوونی دووەمی ٢٠٢٠، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لەھەولێر پێشوازی كرد لە ستیڤ ڤەیگن کۆنسوڵی ئەمریکا لە هەرێمی كوردستان.
لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ كرا لەبارەی کێشەکانی سیستمی بانکی لە هەرێم و جێگری سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە بە هاوکاری ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمان پێداچوونەوە بە سیستمی بانکی هەرێم بکرێت بە جۆرێک سیستمی بانکی رێک بخرێتەوە کە وەڵامدەری دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان بێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی ئێستای عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی دەبێت کار بکرێت بۆ پتەو كردنی پەیوەندییەكان، هەر لەم چوارچێوەیەشدا قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە کە ئامانجی حکومەتی هەرێم ئەوەیە هەموو کێشەکانی لەگەڵ بەغدا بە دانووستان و بەپێی دەستور چارەسەر بکات.