Skip to the content

قوباد تاڵەبانی: کار بۆ کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهات دەکەین

• قوباد تاڵەبانی لەگەڵ شاندێکی فەڕەنسی چۆنیەتی چاکسازی لە سیستمی بانکی تاوتوێ کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ شاندێکی ئابووريی فەڕەنسا بە سەرپەرشتیی فرانسوا دوریکۆفیز بەرپرسی بەشی ئابووری لە باڵیۆزخانەکانی فەڕەنسا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبووەوە و پێکەوە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم و بە تایبەت پێویستیی چاکسازی لە سیستمی بانکی هەرێمیان تاوتوێ کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنجشەمە ١٦ کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ بەڕێوەچوو، لەژێر کاریگەریی بارگژییە سیاسییەکانی ئەم دوایانەی عێراق تاوتوێی دۆخی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان کرا و باس لەوە کرا کە پێویستە هەموو لایەنەکان پێکەوە کاربکەن بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، چونکە بەردەوامی بارگژییەکان کاریگەریی خراپی بۆ سه‌ر دۆخی ئابووریی عێراق ده‌بێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بە گرنگییەوە باس لە پرۆسەی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم کرا و جێگری سەرۆک وەزیران ڕوونیکردەوە کە لە ئێستادا حکومەتی هەرێم کار بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهاتەکان دەکات، لەم چوارچێوەیەشدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە پڕۆژە یاسای چاکسازی کرد کە لە پەرلەمانی کوردستان پەسند کرا.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پێویستی چاکسازی لە سیستمی بانکی و بە ئەلەکترۆنی کردنی سیستمی بانکی کرا و قوباد تاڵەبانی داوایکرد بۆ ئەم مەبەستە حکومەتی فەڕەنسا هاوکاری حکومەتی هەرێم بێت، چونکە پێشخستنی سیستمی بانکی رۆڵێکی گرنگ و کاریگەری بۆ گەشەپێدانی ئابوری و کۆی پرۆسەی چاکسازی لە هەرێمی کوردستا هه‌یه‌.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا کرا و قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە کە حکومەتی هەرێم پێشوازی دەکات لەوەی ھە‌ولێر و بەغدا لەڕێی دانووستان و بەپێی دەستور هەموو کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن و پێکەوە کار بۆ بوژانەوەی ژێرخانی ئابوری بکەن.

لەلای خۆشیانەوە شاندی فەڕەنسی بە گرنگییەوە باسیان لە هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم کرد و ئامادەیی خۆشیان دەربڕی بۆ هاوکاریکردنی بە تایبەت لە بواری چاکسازی لە سیستمی بانکیدا.