Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کۆنسوڵی گشتی فەڕەنسا لە هەرێم کۆبووەوە

ھەولێر، ھەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵە‌بانی جێگری سەرۆکی ئە‌نجومە‌نی وەزیران لە درێژەی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ کۆنسوڵ و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی، ئەمڕۆ ٦ی تەموزی ٢٠٢٠ لە‌ ھە‌ولێر، لەگەڵ ئۆلیڤیێ دیکۆتینی کۆنسوڵی گشتی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی ئەمنی ناوچەکە بە گشتی و عێراق و ناوچە کێشە لەسەرەکان بە تایبەتی کرا، ھە‌روە‌ھا گفتوگۆكانی نێوان ھە‌رێم و بە‌غدا سە‌بارە‌ت بە‌ كێشە‌ ھە‌ڵپە‌سێردراوە‌كان تە‌وە‌رێكی دیکەی كۆبوونە‌وە‌كە‌ بوون.

سەبارەت بە دۆخی ئەمنی ناوچە کێشە لەسەرەکان باس لە گرنگی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق کرا لە‌و ناوچانە‌ دوای ئەوەی ئەزمونی چەند ساڵی رابردوو و هەڕەشە بەردەوامەکانی داعش دەریخست بەبێ هەماهەنگی زیاتری نێوان هەرێم و بەغدا ئەستەمە لەڕووی ئەمنییەوە سەقامگیری لەو ناوچانە مسۆگەر بکرێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵە‌بانی باسی لە‌ دواین پەرەسەندنی دانووستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدای کرد و رایگەیاند: گفتوگۆكان بە‌ردە‌وام دە‌بن لە‌گە‌ڵ حكومە‌تی عێراق تا ئە‌وكاتە‌ی دەگەینە رێککەوتنێکی گشتگیر بۆ چارە‌سە‌رکردنی كێشە‌ ھە‌ڵپە‌سێردراوە‌كان.