جێگری سەرۆک وەزیران سەرپەرشتی کۆبوونەوەی چاکسازییەکانی حکومەتی کرد
• قوباد تاڵەبانی: چاكسازییەكانمان بەردەوامی پێ دەدەین و داهاتمان فرەچەشن دەکەین
• جێگری سەرۆک وەزیران: جێبەجێکردنی یاسای چاكسازی كە لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند كراوە، یەكێ لە پلانەكانمان لەماوەی داھاتوودا دەبێت.
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - رۆژی چوارشەممە ١١ ئاداری ٢٠٢٠، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەکی تایبەت بە جێبەجێکردنی چاکسازییەکانی حکومەت کرد. لە كۆبوونەوەكەدا، ھەڵسەنگاندێكی ورد بۆ رەوشەکە و دەرهاویشتەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و چۆنییەتی جێبەجێ کردنی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم لە سێکتەرە جیاجیاکاندا كرا.
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت؛ چاكسازییەكانمان بەردەوامی پێ بدەین و داهاتمان فرەچەشن بکەین و یاسای چاكسازی كە لەپەرلەمانی کوردستان پەسەند كراوە، یەكێك بێت لە ئەولەویاتەکانمان کە لەماوەیەکی نزیکدا بیخەینە بواری جێبەجێ كردنەوە."
لەکۆبوونەوەکەدا، بڕیاردرا وەفدێك سەردانی بەغدا بكات بۆ ئەوەی پێکەوە هەماهەنگ بین بۆ ئەم رەوشە هەنووکەییە، ھەروەھا وەزارەتی دارایی راسپێردرا بۆ ھەفتەی ئایندە راپۆرتێكی ورد ئامادە بكەن سەبارەت بە چۆنییەتی ئەنجامدانی قۆناغەکانی چاکسازیی.
لەبەشی دووەمی کۆبوونەوەکە، باس لەکەرتی کارەبا کرا و چۆنییەتی چاککردنی ئەو کەرتە لەرووی پێدانی کارەبا بەهاوڵاتییان و ئەنجامدانی چاکسازی لەو سێکتەرە. وەزیری کارەبا ڕاپۆرتێکی لەسەر بەرهەمهێنان و دابەشکردن و کۆکردنەوەی داهاتەکانی وەزارەتیان پێشکەش کرد، لەو رووەووە پێشنیار و بۆچوونەکان خرانە روو و بڕیار درا چی پێویستە ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی ئەو سێکتەرە باشتر رێکبخرێتەوە.
ھەروەھا بڕیاردرا لە ماوەی دوو هەفتەدا وەزارەتی کارەبا راپۆرتێکی زانستی ئامادە بکات وپلانەکانیان بۆ چاکسازی وباشتر خزمەتکردنی هاوڵاتییان لە پێدانی کارەبا پێشکەش بکەن.