Skip to the content

قوباد تاڵەبانی و کۆنسوڵی ئەمریکا لە ھەولێر دوا گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەكە تاوتوێ دەكەن

قوباد تاڵەبانی:

• حکومەتی هەرێم پشتگیری لە حکومەتێک لە بەغدا دەکات کە رەنگدانەوەی ئیرادەی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بێت.

 

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ڕۆژی سێشەمە ١٠ ئاداری ٢٠٢٠، قوباد تاڵە‌بانی جێگری سەرۆکی ئە‌نجومە‌نی وەزیران پێشوازیی لە‌ ستیف ڤەیگن كونسوڵی ئە‌مریكا لە‌ ھە‌رێمی كوردستان كرد و ئامادەکارییەکانی حکومەتی هەرێمی بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنای بۆ ڕوونکردەوە.

قوباد تاڵە‌بانی گەشبینی خۆی دەربڕی بەوەی كە هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە هاوکاری نێوان حکومەت و هاووڵاتیان بە کەمترین زیان بەسەر پەتای کۆڕۆنادا زاڵ بێت.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، تاوتوێی هەنگاوەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە کرا و قوباد تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە حکومەتی هەرێم بە هەموو توانایەوە لەسەر چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی ئابوری هەرێم کرا، بە تایبەتی دوای دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا. جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران باسی لەوەکرد کە حکومەتی هەرێم بەو ئەزمونەی لە کابینەی رابردوودا وریگرتووە بە ئاڕاستە‌ی فرەچەشن کردنی سەرچاوەکانی داهات کار دەکات.

بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تەرخان کرا بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سیاسیی بەغدا و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، قوباد تاڵەبانی هەڵوێستی هەرێمی کوردستانی ڕوونکردەوە و رایگەیاند: هەرێم پشتگیری لە حکومەتێک لە بەغدا دەکات کە رەنگدانەوەی ئیرادەی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بێت و رێز لە تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت.