قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی ئۆسترالیا كۆبووەوە
• باسیان لە چاكسازیی و پلانی حكومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران رۆژی دوشەممە ٢ ئاداری ٢٠٢٠ لە هەولێر پێشوازیی لە باڵیۆزی ئۆسترالیا جوانا لاوندز كرد.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەیەكدا پلانی حكومەتی هەرێمی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەگەڵ باڵیۆزی ئۆسترالیا تاوتوێ كرد و گشتاندنی چاكسازییەكانی لە كەرتە جیاوازەكانی بۆ روونكردەوە.
ھەر لەمیانەی كۆبوونەوەكەدا، جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند: لەگەڵ سەرۆکی حکومەت و بەسوود وەرگرتن لە ئەزموونی مامەڵەكردن لەگەڵ قەیرانەكان لە كابینەی پێشوودا، پلانێكی هەمەلایەنەمان بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و رێگرتن لەتەشەنەكردنی داناوە.
جێگری سەرۆك وەزیران ئەوەشی بۆ باڵیۆزی ئوستورالیا روونكردەوە كە چاكسازییەكانی كابینەی پێشوو درێژەیان دەبێت و هەوڵ دەدرێت لەم كابینەیەدا ھەموو كەرت و بوارەكان بگرێتەوە.
بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بۆ دۆخی سیاسی بەغدا و پرسی کشانەوەی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو تەرخان کرا، لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆک وەزیران بۆچوونی حکومەتی هەرێمی بۆ باڵیۆزی ئۆسترالیا روون کردەوە و باسی لەوەکرد كە حکومەتی هەرێم پشتگیری لە پێکهێنانی حکومەتێک لە بەغدا دەکات کە ئەولەوییەتی چاکسازی و دابینکردنی خزمەتگوزاری بێت، بەڵام ئەم حکومەتە دەبێت جێی متمانەی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بێت و رێز لە ماف و داخوازییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئوسترالیا کرا و هەردوو لا لەسەر بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییانە بە تایبەتیش لە بوارەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی هاوڕابوون.