شاندی باڵای حكومەتی ھەرێم لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبووەوە
بەغدا، عێراق (GOV.KRD) – شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان و لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆكایەتیی هەیسەم جبوری، رۆژی ھەینی ١ ئایاری ٢٠٢٠ بۆ تاوتوێكردنی كێشە داراییە كەڵەكەبووەكانی نێوان بەغدا و هەولێر كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا شاندی حکومەتی هەرێم لەگەڵ سەرۆك و هەندێ لە ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران، كۆمەڵێك راسپاردە و پێشنیاریان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە نەوت و پشكی هەرێم لە یاسای بودجەی ٢٠١٩ دا گەڵاڵە كرد، هەروەها رێوشوێنەكانی مامەڵەكردنیان لەگەڵ ساڵی دارایی ٢٠٢٠ تاوتوێ كرد.
بڕیاردرا لەمەولا هەماهەنگی زیاتر لەنێوان حكومەتی هەرێم و لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران هەبێت بۆ ئەوەی لە قۆناغەكانی داهاتوودا بتوانن لەو كاتانەی كە پێویستە، كاری هاوبەشی زیاتر بكەن و كەموكوڕییەكان چارەسەر بكەن.