Skip to the content

پەیامی پیرۆزبایی قوباد تاڵەبانی بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رۆژی پێنجشەممە ٢٠٢٠/٥/١٤ لە پەیامێكدا پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان دەكات. دەقی پەیامی جێگری سەرۆكی حكومەت:

بەڕێزان سەرۆك و ئەندامانی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان

بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی مامۆستایانی كوردستانەوە چەپكە گوڵی پیرۆزباییتان پێشكەش دەكەم. رێكخراوەکەتان كە داكۆكیكاری توێژی فێرکارانی نەوەكانی ئایندەیە، یەكێكە لە گرنگترین رێکخراوەکانی كۆمەڵگای مەدەنی و ساڵانێكی زۆرە بە خزمەتکردنی پەروەردە و توێژی مامۆستایانەوە ماندووە.

یەكێتی مامۆستایان جیا لە رەهەندە پیشەییەكەی، بەشێكی دانەبڕاوە لە بزوتنەوەی كوردایەتی، قوتابخانەیەكە بۆ نیشتمانپەروەری، رۆڵێکی بەرچاوی ئەرێنیشی هەبووە لە گۆڕانكارییە پەروەردەیی و مەدەنییەكانی کوردستان.

هەربۆیە هیوادارم بە هەوڵ و تێکۆشانی زیاتر و خۆگونجاندن لەگەڵ پێشکەوتنە پەروەردەییەکانی جیهان، هەر بە پێشەنگی بمێنێتەوە و لەمەودوا کاری زیاتر بکەن لەپێناو پێگەیاندنی نەوەیەکی داهێنەر لە کوردستان، چونکە تەنها لەو ڕێگایەوە دەتوانین ئایندەیەکی گەش بۆ وڵاتەکەمان دابین بکەین.

ئەم یادەش بەدەرفەت دەزانم بۆ ئەوەی لە ڕێگەی بەرێزتانەوە سڵاو بۆ سەرجەم مامۆستایانی كوردستان بنێرم كە سەرباری لێكەوتە قورسەكانی بارودۆخی كۆرۆنا و قەیرانەكانی، هێشتا هەر لە خەمی رزگاركردنی ساڵی خوێندن و پرۆسەی فێركردندان و بەشێوازی جۆراوجۆر بەردەوامن لەبەخشش.

دووبارە پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی رێکخراوەکەتان لێ دەكەم و هیوادارم ساڵی داهاتوو لە بارودۆخی باشتر ئەم ساڵیادە بكەینەوە.

هەر شاد و سەربەرز و سەركەوتووبن.

 

قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆكی ئە‌نجومە‌نی وەزیران
٢٠٢٠/٥/١٤