Skip to the content

قوباد تاڵەبانی: ئاسانکارى زیاتر بۆ دامەزراندنى کۆمپانیاكان و نە‌ھێشتنی رۆتین دەکەین

• جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران:
ئامانجمانە ئاسانتری بکەین بۆ هاوڵاتییان کە کۆمپانیای خۆیان دابمەزرێنن، چونکە کەرتێکی تایبەتی بەهێز، بڕبڕەی پشتی ئابوورییەکی بەهێز و هەمە‌جۆرە‌ لە هەرێمی کوردستان.


هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - ئەمڕۆ دووشەممە 2020/11/9 قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بە‌ئامادە‌بوونی وە‌زیری بازرگانی و پیشە‌سازی و سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد تایبەت بە نوێکردنەوەی پڕۆسەی تۆماری کۆمپانیاکان کە بەشێکە لەپلانی چاکسازی حکومەتی هەرێم لەچوارچێوەی بەرنامەی خزمەت وکەمکردنەوەی رۆتین.

لەکۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی چۆنییەتی ئاسانکردنی کاروباری تۆماركردنی کۆمپانیاکان کرا، لەگەڵ رەخساندنی کەشێکی لەبار بۆ ئەوەی ببنە هۆکاری گەشکردن و بووژاندنەوەی ئابووری. بۆیە لە‌تە‌وە‌ری یەکەمی كۆبوونە‌وە‌كە‌دا، پلانی كورتخایە‌ن و درێژخایە‌ن بۆ ئەو مەبەستە خرانە ڕوو، کە چۆن پێداچوونەوە بە پڕۆسەکە بکرێت لە پێناو کەمکردنەوە و نەهێشتنى ئەو ئاڵۆزی و رۆتینەی کە ئێستا هەیە.

هەروەها باس لە پێداچوونەوە بە تۆماری کارگە و مافی بەکارهێنانی هێمای بازرگانی بیانی کرا، لەو بڕگەیەدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری پیشەسازی و بازرگانی جەختیانکردەوە؛ دەبێت حکومەت بەردەوام بیت لە چاکسازی و هەموو کارئاسانییەک بکات لەپێناو باشتر خزمەتکردنی هاوڵاتییان و پڕکردنەوەى ئەو کەلێنەی کە لە ئابوری کوردستاندا هەیە بە پشتیوانی کەرتی تایبەت.

ئەم هەنگاوانەی حکومەتی هەرێم مەبەست لێی کەمکردنەوەی رۆتینە لە پرۆسەی تۆماری كۆمپانیاكان و ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت کۆمپانیای بچووک، مامناوەند و کۆمپانیای تاکەکەسی دابمەزرێنن زیاتر سوودی لێ ببینن.
ئەم هەنگاوانە بەشێکن لە بەرنامەی خزمەت کە بەسەرپەرشتی جێگری سەرۆکی حکومەت ئەنجامدەدرێت لە پێناو ئەوەی خزمەتەکانی حکومەت بەشێوەیەکی باشتر و خیراتر و بە‌ تێچوویەکی گونجاوتر بگاتە هاووڵاتییان.