Skip to the content

پەیامی سەرەخۆشیی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی (د. فرسەت سۆفی) پارێزگاری هەولێر

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە 18 تشرینی دووەمی 2020 پرسەنامەیەک بەبۆنەی کۆچی دوایی پارێزگاری هەولێر بڵاوکردەوە، ئەمەش دەقی پەیامەکەیەتی:

بە‌ڕێزان كە‌سوكار و بنە‌ماڵە‌ی كۆچكردوو كاك فە‌رسە‌ت سۆفی

زۆر بەداخەوە ئەمرۆ خزمەتکارێکی جوان و دڵسۆزی کوردستان و بە تایبەت هەولێرمان لێ رۆیشت.

فەرسەت سۆفی نەک تەنها کەسێکی کارا و دڵسۆز و خەمخۆر بوو، بەڵکو هاوڕێشم بوو. کەسێک بوو کە بەردەوام بە بێ دەنگی پێکەوە ئاگر و ناکۆکی سیاسیمان ئەکوژاندەوە. هەمیشە پەرۆشی یەکڕیزیی سیاسیی کوردستان بوو. دەستی هەبوو لە هەموو رێککەوتن و هەنگاوەکانی ئەم چەند ساڵەی رابردوو لەپێناو ئارامیی و تەبایی نێوان یەکێتی و پارتی. کەسێک بوو نەدەترسا راستیەکان بە سەرووی خۆی بڵێ، نەشدەترسا هەڵوێستی جوامێرانە بنوێنێت.

راستە کاک فەرسەت سەرکردایەتی پارتی بوو، پارێزگاری هەولێر بوو، بەڵام تەنها هی هەولێر و پارتی دیموکراتی کوردستان نەبوو، کاک فەرسەت، هی هەمووان بوو و لە دەست هەمووان رۆیشت.

رۆحی شاد بێت.

قوباد تاڵە‌بانی
جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران
2020/11/18