قوباد تاڵەبانی پێشوازیی لە گەورە ئابووریناسی جیهانی تۆماش سێدلاچێک کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - قوباد تاڵەبانی لەگەڵ دکتۆر تۆماش سێدلاچێک گەورە ئابووریناسی جیهانی و کۆماری چیک کۆبووەوە و تاوتوێی چۆنییەتی بووژانەوەی ئابووری هەرێمی کوردستانیان کرد.
قوباد تاڵەبانی ئەمڕۆ یەكشەممە 25 تشرینی یەكەمی 2020 پێشوازیی لە گەورە ئابووریناسی جیهانی و كۆماری چیك تۆماش سێدلاچێک کرد كە لەسەر بانگهێشتی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ راوێژی ئابووری و ئەنجامدانی زنجیرەیەك دیدار و چالاكی هاتووەتە هەرێمی كوردستان.
سەردانی ئەم ئابووریناسە كە خاوەنی چەند خەڵاتی نێودەوڵەتییە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی کۆماری چیک بووە و ئامانجی سەردانەکەشی پێشكەشكردنی ڕاوێژە بە هەرێمی کوردستان لەبارەی چۆنییەتی فرەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات و پەرەپێدانی ئابووری و دووركەوتنەوەیە لە پشتبەستن بە نەوت وەك تاکە سەرچاوەی بودجە.
لە کۆبوونەوکەدا، جێگری سەرۆک وەزیران دۆخی ئابووری هەرێم و پلان و ئامانجەکانی حکومەتی هەرێمی بۆ پێشخستنی ئابوری و فرەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتی بۆ تۆماش سێدلاچێک روونکردەوە و بە گرنگییەوە باسی سوودوەرگرتن لە ئەزمونی کۆماری چیکی کرد کە لەڕووی بووژانەوە و پەرەپێدانی ئابوورییەوە نموونەیەکی سەرکەوتووی پێشکەش کردووە.
لەلای خۆشیەوە تۆماش سێدلاچێک ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ بەخشینی بەرچاوڕوونی بە حکومەتی هەرێم بۆ چۆنییەتی گواستنەوەی ئەزموونی کۆماری چیک و وڵاتانی هاوشێوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە پشتبەستن بە تاکە سەرچاوە رزگاری بێت.
ئەم سەردانە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی جێگری سەرۆکی حکومەت دایە بۆ چۆنییەتی گواستنەوەی ئەزمونی وڵاتانی سەرکەوتوو کە هەر لەم چوارچێوەیەشدا لەگەڵ چەندین وڵات لە هەوڵدایە بۆ گواستنەوەی ئەزموونی ئەم وڵاتانە لەڕووی کشتوکاڵ و حکومەتی ئەلکترۆنی و چەندین بواری دیکەی حکومڕانییەوە.