قوباد تاڵەبانی: بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی تەندروستی پێویستە هەماهەنگی نێوان خەڵک و حکومەت و سەرمایەداران بەهێزتر بکرێت
![](/media/3341/dpm-qubad-talabani_breast-cancer-awareness-month_01.jpg?center=0.28391167192429023,0.47876447876447875&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=132476133510000000)
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانانەی بەهۆی كۆرۆناوە سەریانهەڵداوە، پێویستە ئاستی هەماهەنگی و هاوكاری نێوان خەڵك و حكومەت و سەرمایەداران بەهێزتر بکرێت. داواشی لە هاوڵاتیان کرد زیاتر پابەندی رێوشوێنەکانی خۆپارێزی بن.
لە رێوڕەسمی راگەیاندنی هەڵمەتی ئۆكتۆبەری پەمەیی بۆ هۆشیاری بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی مەمك كە رۆژی دووشەممە 2020/10/19 لەلایەن نوسینگەی قوباد تاڵەبانی بۆ جێندەر و گەنجان و رێكخراوی ڤایۆلێت و تەندروستی سلێمانییەوە رێكخرابوو، قوباد تاڵەبانی لە وتەیەکیدا ئاماژەی بە هەوڵەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی شێرپەنجە كرد و رایگەیاند، هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی نەخۆشخانەی هیوا كە تایبەتە بە چارەسەری توشبووانی شێرپەنجە دابین بکرێت.
سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و رەوشی تەندروستی هەرێمی كوردستانیش جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە تەندروستییەی رووی لە هەرێم كردووە پێویستیە ئاستی هەماهەنگی نێوان خەڵك و حكومەت و سەرمایەداران بەهێزتر بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا جێگری سەرۆكی حكومەت سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی كرد كە لە ماوەی رابردوودا لە سەنگەری پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنادا بوون و داواشی لە هاوڵاتیان كرد لە ئێستادا کە رێژەی تووشبوون بە کۆرۆنا بەرز بووەتەوە زیاتر پابەندی رێوشوێنەکانی خۆپارێزی بن.