Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی:
• پێداگرین لەسەر گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ کەرکوک و ئەم داوایەشمان لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا باس کردووە.


هه‌ولێر، هه‌رێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD) قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، رۆژی ١٤ ئه‌یلوولی ٢٠٢٠، وەك سەرۆكی شاندی باڵای هەرێم بۆ دانوستان، دوا پێشهاتەكانی گفتوگۆكانی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ و ڕەوشی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی لەگەڵ ماثیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و كونسوڵی گشتی ئەم وڵاتە لە هەولێر تاوتوێ كرد.

لەبەشێكی دیكه‌ی كۆبوونەوەكەدا، هاوكارییەكانی ئەمەریكا بۆ عێراق و ھە‌رێمی كوردستان باسکران، هەروەها بارودۆخی پەتای كۆرۆنا گفتوگۆی لەبارەوە كرا.

لەلای خۆیەوە قوباد تاڵەبانی جەختی لەسەر هەڵوێستی هەرێم لەبارەی گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ کەرکوک كرده‌وه‌ و بە تایبەتی بۆ بنكەی سەربازی كەی وەن. لەمبارەیەشەوە راگەیاند لە گفتوگۆكانیدا لە بەغدا ئەم باسەی لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی فیدراڵ كردووەتەوە بەمەبەستی هاوكاریكردن و بەشداریی کردنی پێشمەرگە لە بەرقەراركردنی ئارامی و سەقامگیری لەو ناوچانە. لە ئێستاشدا هەردوولا تاوتوێی زەمینە و میكانیزم و رێوشوێنی گونجاو بۆ چۆنیەتی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکوک دەكەن .