Skip to the content

قوباد تاڵەبانی (50)مین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان پیرۆز دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە پەیامێکدا (50)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستانی پیرۆز کرد، ئەمەش دەقی پەیامەکەیەتی:

بەڕێزان

سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزیی یەکێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی کوردستان
ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان

یۆبێلی زێڕینی ساڵیادی 50 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی کوردستان لە سەرجەم زانایان و مامۆستایانی به‌ڕێزی ئاینی و خه‌ڵكی كوردستان پیرۆز دەكەم.

ئەم ڕێكخراوە چاكەخوازە ئاینییە كە مێژووەكەی بەشێكە لە خەباتی نەتەوەیی و ڕزگاریخوازیی گەلەكەمان، هەمیشە چه‌تری كۆكه‌ره‌وه‌ی مامۆستایان و زانایانی ئاینی لە كوردستان بووە، ڕۆڵی پێشەنگانەشی لە داكۆكیكردن لە چاكەی گشتی و ئاین پەروەری هەبووە، كە سیمای دێرینی زۆرینەی خەڵكی كوردستانە.

مامۆستایانی ئاینی داكۆكیكاری ئاشتی و بەهای باڵا و بەرزی كۆمەڵایەتی و شوناسی تایبەتی كوردن لە ناو گەلانی موسوڵماندا، هەروەها پایەیەكی گرنگن لە داكۆكیكردن و پاراستنی ئەو فرەییە ئاینی و كلتورییەی كە هەزاران ساڵە كوردستانی پێ ناسراوە، ئەمەش بەشێكی گرنگ و ڕوویەكی جوانی ئەزموونی شارستانیانەی گەلەكەمانە.
دووباره‌ ئه‌م یاده‌ له‌ هه‌موو لایه‌ك پیرۆز بێت و هیوای ئایندەیەكی گه‌شتر بۆ یەکێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی کوردستان دەخوازم.

قوباد تاڵەبانی
جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌‌نی وە‌زیران
2020/9/21