قوباد تاڵەبانی بەردی بناغەی كارگەی شەكری بیتوێنی دانا و چەند پرۆژەیەكی دیكەی ڕاگەیاند
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی كارگەی شەكری بیتوێنی دانا و ڕایگەیاند حكومەت بەهەموو توانایەوە ئاسانكاریی بۆ هەر كۆمپانیایەك و وەبەرهێنەرێک دەكات پرۆژەی هاوشێوە لە کەرتەکانی کشتوکاڵ وپیشەسازی جێبەجێ بكات.
لە وتارێكدا بەبۆنەی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی کارگەی شەکری بیتوێن، ئەمڕۆ 8 نیسان (ئەپریل) ی 2021 قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران کارگەكەی بە پڕۆژەیەکی گەورەی ستراتیژی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق لە قەڵەمدا و سوپاسی کۆمپانیای ئابورلاند و وەزیری کشتوکاڵ و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانیشی كرد لە سەرخستنی پڕۆژەكە.
جێگری سەرۆک وەزیران لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا ئەم پڕۆژەیەی بە نمونەیەکی باشی پاڵپشتیکردنی حکومەتی هەرێم دایە قەڵەم بۆ کەرتی تایبەت و رایگەیاند حکومەت بە هەموو توانایەوە هانی وەبەرهێنەران و سەرمایەداران دەدات ڕووبكەنە كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی لەپێناو بنیاتنانی ئابوورییەكی بەهێز و سەقامگیر و بەرهەمهێن.
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشكرد پرۆژەی كارگەی شەكری بیتوێن جگە لەوەی نزیکەی هەشت هەزار هەلی كاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەڕەخسێنێت، كەرتی كشتوكاڵیش هەنگاوێک دەباتە پێشەوە و ئاماژەی بەوەش كرد ئەمەش هەر ئەو ئامانجەیە كە پێشتر بەڵێنیان دابوو كاری لەسەر بكەین.
هاوكات جەختی لەوەش کردەوە تەنها بەو پڕۆژەیە ناوەستن و لەگەڵ وەبەرهێنەرانی دیکە خەریکن بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی هاوشێوەی دیکە، بەتایبەت پاش پەسەندكرانی یاسای بودجەی فیدراڵی و پرۆژە یاسای بودجە لەهەرێمی كوردستان دەستكراوەتر دەبن بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەورە کە هەم هەلی کاری زیاتر بڕەخسێنێت و هەم ژێرخانی ئابوری بەهێزتر بکات.
تاڵەبانی ئەوەشی ڕوونكردەوە، دەبێت لە پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵدا ڕەچاوی هەموو پێوەرە ستاندارد و زانستییەکان بکرێت "بۆ ئەوەی هەم زۆرترین و باشترین جۆری بەرهەممان هەبێت و هەم کەمترین زیان بە سامانی خاک و ئاو بگەیەنین"، داواشیكرد لە بەکارهێنانی ئاودا ڕەچاوی باشترین سیستمی ئاودێری بکرێت بۆ ئەوەی کەمترین رێژەی ئاو بە فیڕۆ بچێت.