قوباد تاڵەبانی سەردانی سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری كوردستانی كرد
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 14 ی نیسان (ئەپریل) ی 2021 لەشاری سلێمانی، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەردانی مامۆستا عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری كوردستانی كرد.
لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسی تاوتوێ كرا، ھەروەھا پرسی رێككەوتنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە عێراقیەكان لەسەر یاسای بودجەی ساڵی 2021 ی عێراق گفتوگۆی لەبارەوە كرا.
لەوبارەیەوە مامۆستا عەلی باپیر بەگرنگییەوە ستایشی پشوودرێژیی و هەوڵەكانی وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ بەدەستهێنانی ماف و شایستە داراییەكانی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان.
لەبەرامبەردا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند رێككەوتنی حكومەتی هەرێم و لایەنە عێراقیەكان و جێگیركردنی لەیاسای بودجەی 2021دا بەهەوڵ و هیممەتی هەموو لایەك و فراكسیۆنە كوردستانییەكان بوو.