Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریكا كۆبووەوە

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ماتیۆ تولەری باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق كۆبووەوە و دیالۆگی ستراتیژیی ئەمەریكا و عێراقیان تاوتوێ كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا ئەمڕۆ 12 ی نیسان (ئەپریل) ی 2021 لە هەولێر، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر درێژەدان بە دیالۆگی ستراتیژیی نێوان بەغدا و واشنتۆن و جەختیان كردەوە، لە بەرژەوەندی هەردوو وڵاتدایە كە پەیوەندییەكی گشتگیر و هاوسەنگیان هەبێت لە سەرجەم بوارەكانی ئەمنی و سەربازی و كەلتوری و ئەكادیمی و ڕۆشنبیری.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا جەخت لە گرنگیی بەشداریكردنی نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان كرایەوە لەو دیالۆگە عێراقی ـ ئەمەریكییە، وەك هەرێمێكی دەستوری لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵی عێراق.

لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا باڵیۆزی ئەمەریكا پشتیوانی وڵاتەكەی دووپات كردەوە بۆ بەردەوامی گفتوگۆ و دانوستان لەنێوان هەرێم و بەغدا بەمەبەستی گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەكانیتر، پاش پەسەندكردنی یاسای بودجەی فیدراڵی بە رێككەوتنی نێوان هەردوولا.

شاندەكەی ئەمەریكا كە كونسوڵی گشتی هەولێریش تێیدا بەشداربوو، ستایشی ڕۆڵی قوباد تاڵەبانی و حكومەتی هەرێمیان كرد بەرامبەر پشوودرێژییان لە دانووستانەكانی بەغدا و داوایانكرد بەهەمان میكانیزم و بەرێگای دیالۆگ هەوڵی چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكانی تر بدرێت.