قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ووشکەساڵی دەکات
*بوودجەیەکی تایبەتی بۆ تەرخان دەکرێت و لەگەڵ وڵاتانی دراوسێش گفتوگۆ دەکرێت*
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لایەنە پەیوەندیدارەكانی راسپارد بۆ ھەماھەنگی كردن بەمەبەستی كەمكردنەوەی زیانەكانی ووشكەساڵی و دانانی پلانی گونجاو بۆ رووبەرووبونەوەی.
ئەمڕۆ دووشەمە 26ی نیسان (ئەپریل) ی 2021 بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبونی بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو و پارێزگارانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە و سەرپەرشتیارانی ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان و نوێنەرانی وەزارەتەکانی شارەوانی و پلاندانان، کۆبونەوەیەكی تایبەت بەشێوازەکانی ڕووبەڕووبونەوەی ووشکەساڵی لەهەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
لەكۆبوونەوەكەدا بەووردی باس لەکاریگەرییەکانی كەمبارانی و ووشكەساڵی لەسەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێم کرا و پلانی حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ رووبەرووبونەوەی ئەو دیاردەیە خرایەڕوو.
هەر لەوبارەیەوە و بەمەبەستی کەمکردنەوەى زیانە ئابورییەکانی وشکەساڵی لەسەر سێکتەرە جیاوازەکان، بودجەیەکی تایبەت تەرخانکرا و بڕیاردرا کە ئەولەویەت بدرێت بەزامنکردنی دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هاوڵاتییان هەروەها گرنگی بدرێت بە پرۆژەکانی کەرتی کشتوکاڵی و پیشەسازی.
لەدواى تاوتوێکردنی هەمەلایەنەی شێوازەکانی رووبەرووبونەوەى ئەم دیاردەیە لەسەر هەرێمی کوردستان، پێویستی دانانی پلانی گونجاو و تەرخانکردنی بوودجەی پێویست دووپاتکرایەوە بۆ دروستکردنی بەنداوی بچووک لەپێناو گلدانەوەى ئاوی باراناو و دواتر سودلێوەرگرتنەوەى لەبوارى کشتوکاڵیدا.
هاوکات لەکۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ ئەم پرسە باس بکرێت بۆ ئەوەی هاوکاربن لەچارەسەرکردنی هەر گرفتێکدا کەرووبەرووى هەرێم ببێتەوە بەهۆى کاریگەرییەکانی ووشکەساڵییەوە.
هەروەها جەخت لەوەکرایەوە کەدەبێ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەرێى کەناڵە دیبلۆماتییەکانییەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەماهەنگی بکات بۆ کۆنترۆڵکردنی شێوازەکانی بەردانەوەى ئاوی بەنداوەکان بەجۆرێک کە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگیریت و ئەو بارگرانییە کەمبکاتەوە کەبەهۆى ووشکەساڵییەوە رووبەرووى ناوچەکە دەبێتەوە.