قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کۆنسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر کۆبووەوە
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لەکۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ جەیمس سۆرنتۆن کۆنسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدایان لە دوای پەسندکردنی بودجەی فیدراڵی تاوتوێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە سەرلەئێوارەی چوارشەمە 7ی نیسانی (ئەپریل) ی 2021 بەڕێوەچوو، کۆنسوڵی گشتی بەریتانیا ستایشی رۆڵی هەرێمی کوردستان و شاندی دانووستانکاری هەرێمی کرد لە هەوڵەکانیان بۆ تێپەڕاندنی یاسای بودجەی 2021 ی عێراق و هیوای خواست بۆ لەمەودوا پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا بەرەوپێشچوونی باشتر بەخۆیەوە ببینێت.
لەلای خۆشیەوە جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایگەیاند تێپەڕاندنی یاسای بودجە بە هەوڵ و کۆششی هەموو لایەک بووە و ئەزمونێکی باشیش بوو بۆ ئەوەی لەمەودوا هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان بە رێگای دانووستان و لێک تێگەیشتن چارەسەر بکەین.
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشکرد کە لەدوای پەسندکردنی بودجە، ئێستا حکومەتی هەرێمیش هەنگاوی باشی ناوە لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجە و بەمەش دەستکراوەتر دەبن لە هەنگاونان بەرەو چاکسازی زیاتر و جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئابوری و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا کۆنسوڵی گشتی بەریتانیا دەستخۆشییان لە رۆڵی قوباد تاڵەبانی کرد لە پڕۆژەی خزمەت و کەمکردنەوەی رۆتین لە دامودەزگاکانی حکومەت. لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند یەکێک لە ئەولەوییەتەکانی حکومەت کەمکردنەوەی رۆتین و ئاسانکاری کردنە بۆ هاوڵاتیان بۆ ئەوەی خێراتر دەستیان بەخزمەتگوزارییەکان بگات.