لە دوو دیداری جیاواز دا قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا و کۆنسوڵی گشتی ئەرمینیا لە هەرێم كۆبووەوە
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازیکرد لە ستیڤن هیکی باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و پێكەوە چەند پرسێكی جێگە بایەخی نێوان هەردوولایان تاوتوێكرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 21 نیسان (ئەپریل) ی 2021 هەردوولا جەختیان لە گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد كردەوە لە عێراق کە خزمەت بە پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی بكات.
لەبارەی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا هاوڕابوون كە پەسەندكردنی یاسای بودجە بە ڕەزامەندی هەولێر و بەغدا دەستپێكێكی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی دیکەی نێوان حكومەتی هەرێم و فیدراڵ.
هەروەها جەختیان کردەوە لەسەر گرنگیی جێبەجێکردنی یاساکە، لای خۆشییەوە قوباد تاڵەبانی پابەندبوونی هەرێمی بە ناوەڕۆك و دەقەكانی یاساکە دووپات کردەوە و راشیگەیاند بەم نزیکانە وەفدی دانووستانکاری هەرێم جارێکیتر سەردانی بەغدا دەکاتەوە.
لەبارەی ناوخۆی كوردستان هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی پاراستنی سەقامگیری سیاسیی هەرێم، باڵیۆزی بەریتانیا پشتگیری وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی و رایگەیاند لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان یارمەتیدەر دەبن بۆ پێشخستنی سەقامگیری سیاسی لە هەرێمی کوردستان.
لەلایەکی ترەوە هەر ئەمڕۆ جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە ئارشاک مانوکیان کۆنسوڵی گشتی ئەرمینیا لە هەرێم. لە كۆبوونەوەیەكدا هەردوولا باسیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان كرد بەتایبەت لە بوارەکانی تەکنەلۆژیای زانیاری و تواناسازی گەنجان و خوێندنی پیشەیی.