Skip to the content

قوباد تاڵەبانی بەردی بناغەی پڕۆژەییەكی لە‌ رانیە دانا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی: کاتێک دەتوانین کێشەی کارەبا و هەموو کێشە خزمەتگوزارییەکان چارەسەر بکەین کە ڕێڕەوی حکومڕانیمان راست بکەینەوە

قوباد تاڵەبانی: رێگە نادەین چیتر بەهۆی گەندەڵییە‌وە‌ هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە ڕەشبین بکرێن بەرامبەر داهاتووی خۆیان و وڵاتەکەیان

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەی راکێشانی هێڵی 132 کەی ڤی بازیان _ رانیەی دانا و رایگەیاند ئەم پڕۆژەیە رۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە کەمکردنەوەی ئەو رێژە کارەبا زۆرەی رۆژانە بەهۆی کۆنبوونی تۆڕەکانی گواستنەوەوە بەفیڕۆ دەچێت.

رۆژی پێنج شەمە 26ی ئابی 2021، قوباد تاڵەبانی لە میانەی وتارێکدا لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی راکێشانی هێڵی 132 کەی ڤی بازیان _ رانیە رایگەیاند کاتێک دەتوانین وڵات پێش بخەین و کێشەی کارەبا و هەموو ئەو کێشە خزمەتگوزارییەکانی دیکە چارەسەر بکەین کە ڕێڕەوی حکومڕانی و خواروخێچییەکانی رابردوو راست بکەینەوە.

جێگری سەرۆک وەزیران باسی لەوەشکرد پرۆسەی بایۆمەتری و دروستکردنی حکومەتی ئەلەکترۆنی کە ماوەی چەند ساڵێکە دەستی پێکردووە هەنگاوێکی گرنگی حکومەتە بە ئاراستەی راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی و راشیگەیاند هەنگاوەکانی ماوەی رابردوو بۆ نەهێشتنی دیاردەی قاچاخچێتی لە دەروازە سنوورییەکانیش هەر لە چوارچێوەی راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانیدا بووە و لەم چوارچێوەیەدا پلانی ورد و بیرۆکەی نوێی دیکەش هەیە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا جێبەجێ دەکرێن.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا ئەزمونی هەرێمی کوردستان بەرهەمی دەیان ساڵ قوربانیدانی گەلی کوردستانە و چیتر رێگە نادەن بەهۆی گەندەڵی و کەمتەرخەمی و خراپ بەکارهێنانی پێگە و پۆست لەلایەن هەندێک کەسەوە ئەم ئەزمونە ناشیرین بکرێت و هاوڵاتیان بەرامبەر بە داهاتووی خۆیان و وڵات رەشبین بکرێن، جەختیشی کردەوە لێپێچینەوەی یاسایی لە هەموو ئەو کەسانە دەکرێت کە پۆست و پێگەکەیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکارهێناوە.

جێگری سەرۆک وەزیران وەبیریهێنایەوە کە بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی دایرە و فەرمانگەکان پۆست و بەرپرسیارێتی و موچەی بەرزیان وەک ئیمتیاز پێنەدراوە، بەڵکو هەموو ئەمانە لەپێناو ئەوەدایە کە دڵسۆزانە خزمەتی خەڵک بکەن و کارئاسانی بۆ هاوڵاتیان بکەن و خۆیان بە خزمەتکاری خەڵک بزانن.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا باوک و دایکانی ئێمە و نەوەی پێش ئێمە لە شاخ بە خوێن و بە گیانی خۆیان کوردایەتییان دەکرد و قوربانیان دەدا لەپێناو ئەم گەلەدا، ئێستاش ئەرکی ئەم نەوەیەیە نە‌هێڵێت خوێن و قوربانیدانی چەندین نەوەی پێش خۆمان بە فیرۆ بچێت. بۆ ئەم نەوەیە کوردایەتی بریتییە لەوەی دڵسۆزانە شەو و رۆژ بخەینە سەر یەک بۆ خزمەتکردنی خەڵک، بۆ ئەوەی متمانە بگەڕێنینەوە بۆ هاوڵاتیان.