قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی ئەرمینیا لە عێراق کۆبووەوە
هەولێر، هەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم پێشوازیکرد لە هراشیا پۆلادیان باڵیۆزی ئەرمینیا لە عێراق و پێکەوە تاوتوێی پەرەپێدانی پەیوەندییە زانستی و کلتورییەکانیان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ (٢٤ی ئابی )٢٠٢١ لە هەولێر بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەروە ئامادەی بوو، قوباد تاڵەبانی هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی بۆ چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بۆ باڵیۆزی ئەرمینیا ڕوونکردەوە و جەختی کردەوە لە قۆناغی داهاتووشدا ئەم هەنگاوانە بە ئیرادە و گوڕوتینێکی بەهێزترەوە بەردەوام دەبن.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییە کلتوری و زانستییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەرمینیا بەتایبەت لە بواری تەکنەلۆژیای زانیارییەکان.
لە کۆتاییشدا بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ماوەی کارکردنەکەی لە عێراق، قوباد تاڵەبانی ستایشی هەوڵەکانی باڵیۆزی ئەرمینیای کرد لە ماوەی کارکردنیدا و هیوای سەرکەوتنیشی بۆ خواست لە ئەرکە نوێیەکەیدا.