قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆز و كونسوڵی گشتیی بەریتانیا كۆبووەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق ( GOV.KRD )- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كورستان لەگەڵ مارك برايسن ريچاردسن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و كۆنسوڵی گشتی بە وەكالەت كۆبووەوە و لەبارەی چاكسازییەكان گفتوگۆیان کرد.
لە كۆبوونەوەكەدا ئەمڕۆ (10ی ئابی 2021) كە لە هەولێر بەڕێوەچوو، باڵیۆزی بەریتانیا پشتیوانی تەواوی وڵاتەکەی دووپات كردەوە بۆ پرۆسەی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان و رایگەیاند لەمەودوا بە تایبەت لە نزیکەوە هاوکاری هەرێمی کوردستان دەکات بۆ چاکسازی لە بوارەکانی دادگەری و كارگێڕیدا.
لەم چوارچێوەیەشدا قوباد تاڵەبانی گۆڕانكارییەكان و چاكسازییەكانی ئەمدواییەی بۆ شاندی میوان ڕوون كردەوە، ئەوانیش لای خۆیانەوە پاڵپشتی تەواوی خۆیان بۆ هەنگاوەكانی جێگری سەرۆك وەزیران دەربڕی و گفتیان دا لەمەولا زیاتر لە پەیوەندیدا بن بۆ پشتیوانیكردنی هەنگاوەكانی چاكسازی.
لەبارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقیشەوە، هەردوولا هاوڕابوون لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا و جەختیان كردەوە دەبێت پرۆسەیەكی پاك و بێگەردبێت.