قوباد تاڵەبانی لەگەڵ نوێنەری كەنەدا و كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا كۆبووەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بەجیا لەگەڵ ئاشلی دریك بەرپرسی نووسینگەی باڵیۆزخانەی كەنەدا لە هەولێر و كلێمێنس سێمتنەر كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا كۆبووەوە.
لە دیدارێكدا كە ئەمڕۆ (9ی ئابی 2021) لەهەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی بەبۆنەی كۆتاییهاتنی كارەكانی ئاشلی دریك، ستایشی هەوڵەكانی كرد بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و وڵاتی كەنەدا. هەروەها پوختەیەكی پێشكەش كرد لەبارەی گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییە و جەختی كردەوە هەنگاوەكان لەپێناو چاكسازی و ڕاستكردنەوەی ڕێڕەو بەردەوام دەبن لەسەر بنەما یاساییەكان بەجۆرێك زۆرترین خزمەت بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكەن.
هەر ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی لە هەولێر پێشوازی كرد لە كلێمێنس سێمتنەر كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان و لە دیدارێكی تایبەتدا بارودۆخی ناوخۆی كوردستان و چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە تاوتوێ كران. جێگری سەرۆك وەزیران، سوپاسی هاوكارییەكانی ئەڵمانیای كرد بۆ هەرێمی كوردستان و پێداگری حكومەتی هەرێمی دووپات كردەوە لەسەر چاكسازی و هەوڵی بەردەوام بۆ ڕێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لەسەر بنەمایەكی پیشەیی نیشتمانی.