قوباد تاڵەبانی و شاندێكی بەریتانی كۆبوونەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق ( GOV.KRD )- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، لەگەڵ مێلانی سمارت كونسوڵی گشتی بەریتانیا بەوەكالەت و شاندێكی هاوڕێی كۆبوونەوە و لەبارەی بارودۆخی ئابووری و وەبەرهێنان و چاكسازییەكان گفتوگۆیان كرد.
لە كۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ (23ی ئابی 2021) لە هەولێربەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی پلان و بەرنامەكانی چاكسازی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ شاندە بەریتانییەكە ڕوونكردەوە؛ لەوانەش پرۆژەی بایۆمەتری و نەهێشتنی گەندەڵی و باسی لەوەشكرد قۆناغی داهاتووی بایۆمەتری سەرلەنوێ دابەشكردنەوەی فەرمانبەرە بەسەر فەرمانگەكاندا.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران داوای لە شاندە بەریتانییەكە كرد هانی كۆمپانیاكانی شانشینی یەكگرتوو بدەن وەبەرهێنانی زیاتر بكەن لە كوردستان بەتایبەت كە ئێستا حكومەت سەرقاڵی پێداچوونەوەیە بەو یاسا و رێكارانەی رێگر و لەمپەرن لەبەردەم وەبەرهێناندا. هەروەها باسی لەوەكرد لە هەرێمی كوردستان هەندێک دەرفەتی وەبەرهێنان هەن تا ئێستا كاریان تێدا نەكراوە لەوانەش وزەی خۆر و دروستكردنی بەنداوی جۆراوجۆر و چۆنییەتی بەرێوەبردنی سامانی ئاو.
لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا تیشك خرایە سەر سیستمی بانك لە هەرێمی كوردستان و كەموكوڕییەكانی خرانەبەرباس؛ لەوانەش نەبوونی هەماهەنگی لەنێوان لقی بانكەكان، چاكسازیكردن لەم كەرتەش بە ئەركێكی هەنوكەیی لەقەڵەمدرا و شاندە بەریتانییەكە وەبەرهێنانیان لەم بوارە بەگرنگ دایە قەڵەم.