Skip to the content

بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی بۆردی پەروەردە و خوێندنی باڵا چەند بڕیارێکی گرنگی-دا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق ( GOV.KRD )- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی بۆردی پەروەردە و خوێندنی باڵای کرد کە تایبەت بوو بە دەستپیکردنەوەی پرۆسەی خوێندنی ساڵی 2021_ 2022 لە‌گە‌ڵ چە‌ند بابە‌تێكی تری تایبە‌ت بە ڕەوشی ‌خوێندن و قوتابیان.

قوباد تاڵەبانی جیگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئەمڕۆ (23ی ئابی 2021) لە هەولێر، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی بۆردی پەروەردە و خوێندنی باڵای کرد بە ئامادەبوونی وەزیرانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و پەروەردە لەگەڵ سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و، باس لە چەند بابەتێکی تایبەت بە خوێندن کرا.

سەرەتای کۆبوونەوە باس لە ئامادەکارییەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن و خوێندكاران کرا لە‌ناو پۆلە‌كان، لەگەڵ پابەند بوون بە ڕێنماییەکانی تەندرووستی و خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، جەختی کردوە، حکومەت پێداویستییەکانی دەستپێکردنی پرۆسەی خوێندن دابین دەکات بۆ ئەوەی لە 14/ 9/ 2021 خوێندن لە قوتابخانەکان دەستپێبکات و ئەو بەروارەش بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە کرایە بڕیار.

لای خۆیەوە وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان وەک وەزارەت و مامۆستایان و فەرمانبەران ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن، هەروەها رایگەیاند، ئەمڕۆ ئەنجامی تاقیکردنەوە گشتییە‌كانی خولی یە‌كە‌می پۆلی دوازدە‌ رادەگەیەنرێت.


هەر لە كۆبوونەوەكە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی باسی لە ئامادەکارییەکان كرد بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگان و رایگەیاند؛ خوێندنی باڵا لەماوەی نێوان 1/9 تاوەکو 25/9 خوێندن دەستپێدەکات لەناو هۆڵەكانی زانكۆ. هەروەها وتیشی "بەپێی رۆژژمێری زانکۆیی زانکۆکان ئامادەکارییەكانیان دەست پێکردوە و بە ڕەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان دەوام دەست پێدەکات".

دواتر ئامارەکانی توانای زانکۆ و پەیمانگاکانی خرانەڕوو بۆ وەرگرتنی خوێندکارانی نوێ و خوێندنی باڵا بۆ ئەمساڵی خوێندن.

ھە‌روە‌ھا لە کۆبوونەوەكە بۆچوونەکانی پەیوەست بە قبوڵ مەرکەزی (ناوە‌ندی) خرانەڕوو لەگەڵ چۆنییەتی رێکخستنەوەی پرسی وەرگرتنی خوێندكاران لە زانکۆ و پەیمانگاکان بە شێوازێک کە لەگەڵ سەردەم و پێویستی بازاڕ بگونجێت، بەشداران جە‌ختیان لە‌ گرنگی خوێندنی پیشە‌یی كردەوە و هاوڕابوون پێویستە‌ زیاتر پە‌رە‌ی پێبدرێت.