Skip to the content

قوباد تاڵە‌بانی لە‌گە‌ڵ شاندێكی ئە‌مریكی كۆبووە‌وە‌‌‌

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق ( GOV.KRD )- قوباد تاڵەبانی پێشوازی كرد لە شاندێكی ئەمریکی بە سەرۆكایەتیی پۆڵ گرۆوڤ لە ئەنجومەنی پیران و پێكەوە لەبارەی هەڵبژاردنە گشتییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و كۆمەڵێك پرسی تر گفتوگۆیان كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا ئەمڕۆ (18ی ئابی 2021) كە كونسوڵی گشتی ئەمریکا ڕۆبەرت پالاندینۆ ئامادەبوو، هەردوولا لەبارەی چۆنییەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و سیناریۆكانی پاش هەڵبژاردن گفتوگۆیان كرد و لەبارەی ئاسایش و دۆخی ئابوری عێراقیش بیروڕایان گۆڕییەوە.

قوباد تاڵەبانی بیروبۆچوونی خۆی لەبارەی هەنگاوەكانی چاكسازیكردن لە سیستمی سیاسی عێراق پێشكەش بە شاندی میوان كرد و بە گرنگییەوە باسی لە پێویستیی دەركردنی یاسای نەوت و گاز کرد بۆ باشتركردنی ڕەوشی ئابووری.

قوباد تاڵەبانی داوای كرد هەنگاوەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر زیاتر چڕ بكرێنەوە و هەماهەنگییەکانی نێوان هاوپەیمانان و هێزە ئەمنییەكانی عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر بکرێن.