قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی لەبارەی وزەوە كرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق ( GOV.KRD )- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی پەیوەست بە وزە كرد و لەبارەی چۆنییەتی چارەسەركردنی گرفتەكان گفتوگۆ كرا.
لە كۆبوونەوەكەدا ئەمڕۆ (23ی ئابی 2021) لە هەولێر، بەئامادەبوونی: وەزیری كارەبا، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆكی فەرمانگەی ھەماھەنگی بەدواداچوون و بریكاری سامانە سرووشتییەكان، قوباد تاڵەبانی سەرنجەكانی خۆی خستەڕوو لەبارەی ئەنجامی بەسەركردنەوەی فەرمانگەی كارەبای سلێمانی و باسی لەوەكرد خەڵك بەرچاویان ڕوون نییە لەبارەی قەرزەكان و وردەكارییەكانی پێوەری زیرەك و میكانیزمەكانی كاركردنیش لە ئاست چاوەڕوانییەكاندا نین و پێویستە چاكتر بكرێن. لەمبارەیەشەوە بڕیاردرا دەوامی وەزارەتی كارەبا ڕێكبخرێتەوە بەتایبەت فەرمانبەرانی دابەشكردنی پسولە.
لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەوەكرایەوە وەزارەتی كارەبا هەموو توانایەك بخاتەگەڕ بۆ زیادكردنی ئاستی پێدانی وزەی كارەبا بە هاوڵاتیان و باشتركردنی رێوشوێنەكانی بژاردنی قەرزەكانی هاوڵاتیان بەجۆرێك بێت بتوانن بیگێڕنەوە و لۆدی زۆری سەر فەرمانگەكانی كارەبا دابەش بكرێت و كەم بكرێتەوە.
لەبارەی نرخی بەنزینەوە گفتوگۆ لەبارەی هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخەكەی كرا كە كەمبوونەوەی هاوردەیە بەتایبەت هەرێمی كوردستان ڕۆژانە پێویستی بە شەش ملیۆن و نیو لیتر هەیە، جگە لەمەش نرخەكەی لەسەر ئاستی جیهان بەرز بووەتەوە. لەمبارەیەشەوە وزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕاسپێردرا بەرچاوڕوونی زیاتر بداتە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران.