Skip to the content

قوباد تاڵەبانی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە کەرتی تەندروستی دەکات

جێگری سەرۆک وەزیران: چاکسازی لە سیستەمی تەندروستی بكرێت و خزمە‌تگوزارییە‌كان باشتر بكرێن

قوباد تاڵەبانی وەزارەتی تەندروستی راسپارد پلانێک دابڕێژن بۆ رێکخستنەوەی دابین کردنی دەرمان

 

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد؛ کار لەسەر بەگەڕخستنی سیستەمی بیمەی تەندروستی بکەن لەپێناو باشتر خزمەتکردنی هاوڵاتیان و چاکسازیش بکەن لە‌و كە‌رتە‌دا.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ ٣٠ی ئابی ٢٠٢١ لە هەولێر، بە ئامادەبوونی وەزیرانی دارایی و ئابووری وپلاندانان و تەندروستی، کۆبوونەوەیەکی تایبەتی سەبارەت بە رێکخستنەوەی سیستەمی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و وتەبێژی حکومەت ئامادەی بوون، پلانەکانی وەزارەتی تەندروستی خرایەڕوو لەبارەی پەرەپێدان و باشترکردنی کەرتی تەندروستی و بەگەڕخستنی سیستەمی بیمەی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان.

لەکۆبونەوەکەدا وەزیری تەندروستی راپۆرتێکی خستەروو لەبارەی کار و پلانەکانی وەزارەت بۆ چاکسازی و چۆنییەتی باشتر خزمەتکردنی هاوڵاتیان و بەگەڕخستنی سیستەمی بیمەی تەندروستی بە شێوازێک کە خزمەتی تەندروستی باشتر پێشکەش بە هاوڵاتیان بکرێت.

قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە کە دەبێت چاکسازی بکرێت لە کەرتی تەندروستی بەتایبەت لەبواری دەرماندا. بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد كاری پەلەی لە‌سە‌ر بکەن.

هەروەها وتی " دەبێت هاوسەنگیی و کێبڕکێ هەبێت لە نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتی تەندروستی بە شێوازێک کە هاوڵاتیان تێیدا سوودمەند بن."

لەبارەی دابینکردنی دەرمان لە هەردوو کەرتی تایبەت و گشتی، جێگری سەرۆک وەزیران داوای لە وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد کە پلانێک دابڕێژن بۆ رێکخستنەوەی دابین کردنی دەرمان لە هەرێمی کوردستان.

قوباد تاڵەبانی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە کار لەسەر بەگەڕخستنی سیستەمی بیمەی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان بکەن بەشێوازێک کە کەرتی تەندروستی باشتر بێت و خزمەتی باشتر بە هاوڵاتیان بکات.

لە‌كۆتایی كۆبوونە‌وە‌ش وە‌زیری تە‌ندروستی راپۆرتێكی لە‌بارەی پێداویستییە‌‌كانی تە‌ندروستی بە‌تایبە‌ت بۆ پرسی رووبە‌روو بوونە‌وە‌ی كۆرۆنا خستە‌روو، راوسە‌رنجیش لە‌بارە‌یە‌وە‌ وە‌رگیرا و بڕیارە‌ دواتر ئە‌نجومە‌نی وە‌زیرانیش بڕیاریان لە‌سە‌ر بدات.