Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆز و كونسوڵی ئەمەریكا كۆبووەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق ( GOV.KRD )- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و، ڕۆبێرتۆ پالەدینۆ کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان كۆبووەوە و لەبارەی كۆمەڵێك پرسی جێگە بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا كە‌ لە‌ھە‌ولێر بە‌ڕێوە‌چوو ئە‌مڕۆ (10ی ئابی 2021) لەبارەی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان بیروڕا ئاڵوگۆڕكرا و لە لای خۆیەوە قوباد تاڵەبانی، دۆخی ناوخۆی یەکێتی و هەنگاوە چاکسازییەکانی ئەم دواییەی بۆ شاندی میوان ڕوون كردەوە.

باڵیۆزی ئەمەریكا، پوختەیەكی لەبارەی دەرەنجامەكانی دیالۆگی ستراتیژی عێراق _ ئەمەریكا، بۆ جێگری سەرۆكوەزیران باس كرد، پابەندیی هاوپەیمانانیشی بە شەڕی داعش و پاڵپشتی ئەمریکای بۆ هێزە ئەمنییەكانی عێراق و پێشمەرگە دووپات كردەوە. هەروەها ستایشی ڕۆڵی قوباد تاڵەبانی كرد بۆ هەنگاوەکانی چاکسازیی، لەنێویاندا چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و جەختیكردەوە "ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاکاندا، بە تایبەتیش لە بوارەکانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی کەرتی تایبەت".

لەبارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی عێراقیشەوە، هەردوولا هاوڕابوون، كە‌ گرنگە‌ لە کاتی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت و هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بێت.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە حکومەت لەسەر ئەنجامدانی چاکسازی و کەمکردنەوەی رۆتین و نەهێشتنی گەندەڵی بەردەوام دەبێت. پیرۆزباییشی لە رۆبێرت پاڵەدینۆ کۆنسوڵی گشتی نوێی ئەمریکا کرد بەبۆنەی دەستبەكاربوونی لە ئەركەكەی لە هەرێمی كوردستان.

لە كۆبوونەوەكەدا دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ئامادەبوو.