Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بریکاری وەزارەتەکان و سەرۆکی دەستەکان کۆبووەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق ( GOV.KRD )- قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە لەسەر جێبەجێکردنی پلانەکانی چاکسازی

قوباد تاڵەبانی جیگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند: باوەڕی تەواومان بەوەیە کە دەبێت دامودەزگاکانی حکومەت ڕێكبخرێنەوە لەسەر بنەمای دامەزراوەیی بۆ باشتر خزمەتکردنی هاوڵاتییان و جیبەجێکردنی پلانەکانی چاکسازی حکومەت.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ (24ی ئابی 2021) لەهەولێر، بە‌ ئامادە‌بوونی سە‌رۆكی دیوانی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران، لەگەڵ بریکاری وەزارەتەکان و سەرۆکی دەستەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی چۆنییەتی ڕێکخستنەوەی کاروباری دامودەزگاکانی حکومەت لەسەر بنەمای شۆڕكردنە‌وە‌ و دیاریکردنی دەسەڵاتەکان و دروستکردنی پەیوەندی پتەوتر لەنێوانیاندا.

جیگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران تیشکی خستە سەر گرنگی بەکارهێنانی تەواوی دەسەڵاتەکان بە هەماهەنگی وەزیرە بەڕێزەکان لەسەر بنەمای یاسا و رێنماییەکان بۆ جێبەجێ کردنی پلانەکانی چاکسازی لەهەموو سێکتەرەکان.

لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا ئامادەبووان باسیان لە پرسی شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان کرد لەلایەن وەزیرەکانەوە و چۆنییەتی گونجاندنییان لەگەڵ پێگەکانیان بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی چاکسازی حکومەت.

لە کۆبووەنەوەکەدا جەخت کرایەوە لەسەر پێویستى سوود وەرگرتن لە ئەزموون و توانای بریکارەکان و دەستەکان لە ئەنجومەنەکانی (ئابوری، چاکسازی، نەوت و غاز و وەبەرهێنان).