Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە کۆبووەوە و داوای لێکردن بەردەوام بن لەچاکسازییەکان

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق ( GOV.KRD )- قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: دەبێت وەزارەتی پێشمەرگە بە یەک ئاڕاستەی نیشتمانی کار بکات و هەنگاوەکانی چاکسازییش جێبەجێ بکرێن لەپێناو رێکخستنەوەی باشتری هێزەکان.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢١/٨/٢٥ لە هەولێر، بە ئامادەبوونی وەزیری کاروباری پێشمەرگە، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد بە چاکسازییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە.

لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ستایشی هێزی هاوپەیمانان کرا کە هاوکار و هەماهەنگ بوون لە پرسی چاکسازی و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.

دواتر وەزیری پێشمەرگە باسی لەهەنگاوەکانی چاکسازییەکان کرد کە گەیشتوونەتە چ ئاستێک و پێویستییەکانی قۆناغی داهاتوو بۆ جێبەجێ کردنی هەموو ئەو هێڵانەی کە دیاری کراون بۆ چاکسازی لە وەزارەت و هێزەکانی پێشمەرگە.

قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە کە دەبێت بەردەوامی بدرێت بە چاکسازییەکان لەسەر بنەمای ئەو پلان و هەنگاوانەی کە بە‌ھاوبە‌شی لە‌گە‌ڵ هێزی هاوپەیمانان دیارییان کردووە. وتیشی " دەبێت وەزارەتی پێشمەرگە بە یەک ئاڕاستە نیشتمانی کار بکات و هەنگاوەکانی چاکسازییش جێبەجێ بکرێن لەپێناو رێکخستنەوەی باشتری هێزەکان".

هەروەها بە بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگەی ووت: راستە هەنگاوەکانی چاکسازی ئاسان نین، بەڵام دەبێت بکرێن و ببینە خاوەن هێزێکی رێکخراوتر و ئێمەش لە‌ سە‌رۆكایە‌تی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران هاوکارتانین لە پێناو سەرخستنی پلانەکانتان.

لەکۆتایی کۆبوونەوەشدا چۆنییە‌تی چارە‌سە‌ر كردنی گرفت و لەمپەرەکان خرایەروو.