Skip to the content

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند: بە‌هێزکردنی بازاڕی کار و زیاتر بەگەڕخستنی دەستی کاری خۆماڵی و کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری ئەولەویەتی حكومەتە‌.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەئامادەبوونی وەزیرە پەیوەندیدارەکان و چەند وەبەرهێن و خاوەنکار و نوێنە‌ری چە‌ند رێكخراوێك، ئە‌مڕۆ ٢١ی ١٢، كۆبوونە‌وە‌یە‌كی تایبەت بە رێکخستنەوەی پە‌یوە‌ندی نێوان حکومەت و کەرتی تایبەت ئەنجامدا لەپێناو بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و پەرەپێدانی تواناکانی دەستی کاری نێوخۆیی لە‌ڕێی سە‌نتە‌رە‌كانی راھێنانی پیشە‌یی كە‌ سە‌ر بە‌وە‌زارە‌تی كارو كاروباری كۆمە‌ڵایە‌تین.


لەو کۆبوونەوە‌یە‌ بە‌وردی باس لە چۆنییەتی پەرەپێدانی سەنتەرەکانی راهێنانی پیشەیی کرا بە جۆرێک کە سودی هەبێت بۆ پێشخستنی دە‌ستی كار و توانای خاوە‌ن كارە‌كان پاش راهێنانی باشتر بە تواناکان و رەخساندنی دەرفەتی کار بۆیان. بۆ ئە‌و مە‌بە‌ستە‌ش قوباد تاڵە‌بانی داوایكرد؛ وە‌زارە‌ت و لایە‌نە‌ پە‌یوە‌ندیدارە‌كان پلانی ستراتیجی دابڕێژن بۆ چالاككردنی ئە‌و سە‌نتە‌رانە‌و دروستكردنی پردێكی پە‌یوە‌ندی لە‌نێوان ئە‌و سە‌نتە‌رانە‌ و بازاڕی كار.


چۆنییەتی دەستەبەرکردنی مووچەی خانەنشینی بۆ ئەو کەسانەی کە لەکەرتی تایبەت کاردەکەن تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوو، جە‌ختكرایە‌وە‌ كە‌ دە‌بێت؛ كار لە‌سە‌ر ئە‌و پرسە‌ بكرێت و ئامادە‌كاری بۆ بكرێت بە‌جۆرێك؛‌ ئە‌و كە‌سانە‌ی لە‌كە‌رتی تایبە‌ت كاردە‌كە‌ن مافی خانە‌نشین بوونیان ھە‌بێت.


لەو کۆبوونەوەیە بڕیاردرا وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادە‌كاری بكە‌ن بۆ پەرەپێدانی خوێندنی پیشەیی و بۆ ئەو مەبەستە ستراتیجێکی نوێ بۆ خوێندنی پیشەیی لە هەرێمی کوردستان دابڕێژرێت بە جۆرێک کە لەگەڵ بازاڕی کار بگونجێت.

 

لەو کۆبوونەوەیەدا وەزیرانی؛ پلاندانان و کاروکاروباری کۆمەڵایەتی و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و پەروەردە و رۆشنبیری و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و نوێنەری چەند رێکخراوێک و ژمارەیەک وەبەرهێن و خاوەنکاری کەرتی تایبەت ئامادەبوون.