قوباد تاڵەبانی لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا وجێگری وەزیری دەرەوە کۆبۆوە
میخائیل بۆگدانۆڤ ستایشی رۆڵی سەرۆک مام جەلال دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ میخائیل بۆگدانۆڤ نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا وجێگری وەزیری دەرەوە، رایگەیاند: بەشێک لە کێشەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا چارەسەر دەکرێن و پێویستە کورد یەکدەنگ بێت بەتایبەت لەم کاتە هەستیارەدا.
لەكۆبوونەوەكەدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی دیسەمبەری 2021 لەھەولێر بەڕێوەچوو، دابان شەدەڵە جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و کونسڵی رووسیا ئامادەی بوون، قوباد تاڵەبانی و میخائیل بۆگدانۆڤ، باسیان لە دواپێشهاتە سیاسییەکان و رەوشی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کرد.
لەبارەی پەیوەندی نێوان رووسیا و هەرێمی کوردستان، میخائیل بۆگدانۆڤ باسی لە پێگەی گرنگی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی مێژوویی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بەرۆڵی گرنگی سەرۆک مام جەلال لە پتەو کردنی ئەو پەیوەندییانە کرد.
قوباد تاڵەبانی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەسەردانی بەڕێزیان و بە دۆستێکی دێرینی گەلى کوردی وەسف کرد، دواتر باسی لەدەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق کرد و ئاماژەی بەوەدا کە چاوەڕێین لەم نزیکانەدا دەستبکرێت بە گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە عێراق و جەختیشی کردەوە کە: چارەسەر کردنی بەشێک لە کێشەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەکرێت، هەروەها ئاماژەی بە گرنگی یەکدەنگیی لایەنە کوردستانییەکان-دا بەتایبەت لەم کاتە هەستیارەدا.
لەبارەی رەوشی عێراق، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وتی: لە عێراق کێشەی نەبوونی پلانمان هەیە لە هەندێک بابەتدا، لەگەڵ نەبوونی جیاوازی لە سیاسەتی لایەنە سیاسییەکان، بۆیە ئەو گفتوگۆیانەى کەپەیوەستن بەپێکهێنانی حکومەتەوە لەسەر سیاسەتی چۆنیەتی بەرێوەبردن و حوکمڕانی نیە بەڵکو لەسەر وەرگرتنی پۆستەکان دەبێت.
لەبەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا باس لە شەڕی دژ بە تێرۆریستانی داعش کرا و لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە ئەو شەڕە هێشتا ماوە و ئاماژەی بە هێرشەکانی چەند رۆژی رابردوو دا کەتێیدا بەداخەوە چەند پێشمەرگەیەکمان شەهید و برینداربوون بوو.
هەر لەوکۆبوونەوەیە باس لە رەوشی سوریا و کێشەی کۆچبەران کرا.
لەکۆتاییدا، پرسی کارکردن و هاتنی کۆمپانیا رووسییەکان بۆ هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنان لە بوارە جیاجیاکاندا خرایە بەرباس و جێگری سەرۆک وەزیران دڵنیای کردنەوە کە ئاسانکاری دەکەن بۆ ئەوەی سود لە تواناکانی ئەوان ببینن.