قوباد تاڵەبانی و بەرپرسی نووسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە ھەرێم کۆبوونەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ستایشی ھەماھەنگی و ھاوكاری حكومەتی كەنەدای كرد لە جێبەجێ كردنی پلانەكانی چاكسازی حكومەتی ھەرێم.
رۆژی چوارشەممە 15ى دیسەمبەرى 2021 لەشارى هەولێر، قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران لەگەڵ ئیڤ دوڤاڵ، بەرپرسی نووسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە ھەرێمی کوردستان کۆبۆوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێى نوێترین گۆڕانکارییەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنی عێراق کرا و ئاماژەش بەو هەوڵانە درا بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەى ئێستا گیراونەتەبەر بەتایبەت دوای پرۆسەى هەڵبژاردن وگفتوگۆی پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ کە لەئاست چاوەڕوانی هاوڵاتیان و داخوازییەکانیاندا بێت و زامنی بەدیهێنانی ئارامی و سەقامگیری بکات لەوڵاتدا.
تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کەنەدا و ئاسۆی هاوکاریکردن لەهەموو بوارەکاندا تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوو، لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی سوپاسی هەوڵەکانی حکومەتی ئەو وڵاتەى کرد بۆ پشتیوانی لەهەوڵەکانی چاکسازی لەدام و دەزگاکانی حکومەتى هەرێمی کوردستان و داواى هاوکارى زیاتری کرد لەوبارەیەوە.