قوباد تاڵەبانی لەبەغدا بەشداریی لەوێبناری كاری فەرەنسی _ عێراقی كرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە بەغدا بەشێوەی ئۆنلاین بەشداریکرد لە دیداری ئەنجومەنی کاری فەڕەنسی _ عێراقی و جەخیكردەوە، هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارامە بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم زەمینەیەکی لەبارتر بۆ کۆمپانیا بیانییەکان دەرەخسێنن بۆ كاركردن.
لە سمینارەکەدا ئەمڕۆ (١٨ شوباتی ٢٠٢١) كە هەر یەکە لە ئارنۆد برولاک سەرۆکی ئەنجومەنی کاری فەڕەنسی _ عێراقی، سەفین دزەیی سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە فەڕەنسا عەلی دۆڵەمەڕی و کۆنسوڵی فەڕەنسا لە هەولێر، بەشداربوون، قوباد تاڵەبانی دڵنیایی دایە کۆمپانیا و وەبەرهێنەرە فەڕەنسییەکان کە هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارام و سەقامگیرە و حکومەتی هەرێم بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات ڕووداوی هاوشێوەی هێرشەکەی چەند رۆژی رابردووی سەر هەولێر دووبارە ببێتەوە.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بە هەنگاوەکانی چاکسازی حکومەتی هەرێم دا و ڕایگەیاند لە ڕابردوودا کۆمەڵێک هەنگاوی گرنگی چاکسازی گیراونەتەبەر، لە ماوەی داهاتووشدا هەر لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی چاکسازیدا کۆمەڵێک چاکسازی لە یاسا کۆنەکانیدا دەکرێت، ئەمانەش هەموو هاندەر و یارمەتیدەرێکی بەهێز دەبن بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەر و کۆمپانیا بیانییەکان بۆ هەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی سمینارەکەدا قوباد تاڵەبانی باسی لە ستراتیژی حکومەت بۆ جۆراوجۆرکردنی ئابوری هەرێم کرد، لەم چوارچێوەیەشدا بە گرنگییەوە ئاماژەی بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی کرد، کە کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی فەڕەنسی دەتوانن بە هاوکاری حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا ناوخۆییەکان رۆڵی گرنگ ببینن لە پەرەپێدانیان.
لە درێژەی باسەکەیدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە دوا پەرەسەندنەکانی دانووستانەکانی نێوان هەرێم و بەغدای کرد و ڕایگەیاند بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ توانای زیاتریان هەبێت بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەری بیانی پێویستیان بە ئارامی و سەقامگیری سیاسی هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا یارمەتیدەرێکی بەهێز دەبن بۆ دابینکردنی ئارامی و بەرقەراركردنی سەقامگیری لە هەموو عێراقدا.