قوباد تاڵەبانی و ھادی عامری كۆبوونەوە
• لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە چارەسەركردنی بنەڕەتییانەی گرفتەكان كرایەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - لەمیانی سەردانەكەیان بۆ بەغدا و كۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان، ئەمڕۆ 15 شوباتی 2021 شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەفدی یاوەری، لەگەڵ هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانێتی فەتح كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا دوا پێشهاتە سیاسییەكانی عێراقیان خرایە بەرباس، هەردوولا پێداگرییان لەسەر دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتییانە بۆ پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵیی عێراق کرد، ھەروەھا باس لە پرسی بودجەی ٢٠٢١ كرا و ھەردوولا ھاوڕابوون كە پێویستە لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا بەركارەكان ئەم پرسە چارەسەر بكرێت بەجۆرێك مافی ھەمووان پارێزراو بێت.