قوباد تاڵەبانی پێشوازیی لە پزیشکی داهێنەری کورد دکتۆر ئازاد نەجاڕ کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ 10 شوباتی 2021 پێشوازیی لە پزیشكی داهێنەری كورد، د. ئازاد نەجاڕ کرد و پشتیوانیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ هەوڵ و داهێنانە ناوازەكانی دووپات كردەوە كە یەكێكیان دروستكردنی دڵی دەستكردە.
لە میانەی كۆبوونەوەیەكی هاوبەشدا لە هەولێر كە د. دارا ڕەشد وەزیری پلاندانان ئامادەی بوو، قوباد تاڵەبانی ستایشی ھەوڵ و داھێنانەكانی د.ئازاد نەجاڕی کرد كە خزمەتێكی زۆری بە پێشكەوتنی بواری پزیشكی لە جیھاندا كردووە.
جێگری سەرۆك وەزیران رایگەیاند، شانازییەکی گەورەیە پزیشکێکی کورد لە ڕێگەی داھێنانەكانییەوە جێگای خۆی لەسەر نەخشەی پەرەسەندنی زانستی پزیشکیدا بكاتەوە و هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ خواست لە داهاتوودا.
لای خۆشیەوە د. ئازاد نەجاڕ سوپاسی پشتیوانی جێگری سەرۆكی حکومەتی هەرێمی کرد و ئامادەییشی نیشاندا کە بە تواناكانی خزمەتی کوردستان بكات لە بواری تەندروستیدا.