قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریكا دانووستانەكانی هەولێر و بەغدایان تاوتوێ كرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئەمڕۆ (28 كانونی دووەمی 2021) لە هەولێر لەگەڵ ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبوویەوە و پێکەوە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و ڕەوتی دانووستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستانیان تاوتوێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا كە ڕۆب واڵەر کۆنسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر، ئامادەی بوو، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی ئیدارەی نوێی ئەمریکای کرد و پەیوەندیی بەهێزی سەرۆک جۆ بایدن و ستافی ئیدارەكەی لەگەڵ ناوچەكە بیرهێنایەوە، هیواشی خواست پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا لەسەردەمی سەرۆک بایدندا گەشەكردنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا, تاوتوێی چۆنییەتی بەرەوپێشچوونی دانووستانەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدرال کرا، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق پشتگیری وڵاتەکەی بۆ دانووستانەکان دووپات کردەوە.
تەورێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تەرخان کرا بۆ تاوتوێکردنی هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەكەی عێراق. جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان چارەنووسسازە و هیوای خواست بە پشتگیری وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسی هەنگاوەکانی چاکسازیی حکومەتی هەرێم لە بوارە جواروجۆرەکاندا کرا و باڵیۆزی ئەمریکا ستایشی رۆڵی قوباد تاڵەبانی کرد بۆ پێداگرییەکانی لەسەر بەرەوپێشبردنی رەوتی چاكسازی لە هەرێمی کوردستاندا. لەم بەشەی کۆبوونەوەکەشدا قوباد تاڵەبانی وردەکاری ئەو هەنگاوە چاکسازییانەی بۆ باڵیۆزی ئەمریکا ڕوونکردەوە کە حکومەتی هەرێم لە ماوەی رابردوودا ناویەتی و ئەوانەشی كە لەبەرنامەی كاردان لە قۆناغەکانی داهاتوودا.