Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی نوێی روسیا کۆبووەوە

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە ئیلبروس کوتراشیڤ باڵیۆزی نوێی روسیا لە عێراق و شاندی یاوەری و ، پێکەوە تاوتوێی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و روسیایان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ 6 ی تەموز (یولیۆی) 2021 بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی نوێی روسیا کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکە نوێیەکەیدا بۆ خواست.


جێگری سەرۆک وەزیران، ستایشی رۆڵی روسیای کرد لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەت چالاکی کۆمپانیا روسییەکان و هیواشی خواست پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان هەرێم و روسیا پەرەی زیاتری پێ بدرێت و داوایکرد لە باڵیۆزی روسیا هانی زیاتری کۆمپانیا روسییەکان بدات بۆ وەبەرهێنەران لە هەرێمی کوردستان.

لە بەشێکی دیكەی کۆبوونەوەکەدا باسی پەرەپیدانی پەیوەندییەکانی نێوان روسیا و هەرێمی کوردستان کرا و قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و روسیا پەیوەندییەکی مێژووییە و ئامانجی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە بەهێزتر و پتەوتر بکرێن.

لە تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی سیاسی عێراق و هەرێم کرا و لای خۆیەوە قوباد تاڵەبانی نیگەرانی دەربڕی کە سەرباری ئەوەی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکی بە یاسای بودجەی فیدراڵی جێبەجێ کردووە، بەڵام هێشتا حکومەتی بەغدا شایستە داراییەکانی هەرێمی خەرج نەکردووە. جێگری سەرۆک وەزیران داوایکرد حکومەتی فیدرال پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ بکات بۆ ئەوەی هەردوولا بتوانن بە شێوەیەکی بونیادنەرانە درێژە بە دانووستانەکانیان بدەن بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکانی دیكە.


لە کۆبوونەوەکەدا ئیلبروس کوتراشیڤ باڵیۆزی نوێی روسیا ئامادەیی خۆی و وڵاتەکەی دەربڕی بۆ هاوکاری کردنی هەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەریم و ئاماژەی بەوەشدا کە هانی کۆمپانیا روسییەکان دەدات کە بۆ وەبەرهێنان بێنە هەرێمی کوردستان.