قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی ئەمنی كرد
![](/media/7023/qubad_talabani_chairs_security_meeting01.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=132704865460000000)
جێگری سەرۆك وەزیران ئەژی ئەمینی وەك سەرۆكی دەزگای زانیاری ناساند.
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ یەك شەممە 11ی تەمموز (یولیۆی) 2021 قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە دەباشان سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی ئەمنی كرد و ئەژی ئەمینی وەك سەرۆكی دەزگای زانیاری ناساند.
لەكۆبوونەوەكەدا ، جێگری سەرۆك وەزیران داوای لە لایەنە ئەمنییەكان كرد ئەركی خۆیان بە تەواوی جێبەجێ بكەن و بەردەوام بن لە پاراستنی ئارامی و ئەو ھەماھەنگییەی كە ھەیە پتەوتر بێت و بەردەوامی پێبدەن.
جەختی لەوەش كردەوە ئەو لایەنە ئەمنییانە نابێت بەھیچ شێوەیەك دەستوەردەنە كاروباری سیاسی بەڵكو دەبێت دڵنیایی بەھاوڵاتییان بدەن لە سەقامگیری و ئارامی.
شیاوی باسە لەم كۆبوونەوەیەدا، وەزیری كاروباری پێشمەرگە و سەرۆکی دەزگای ئاسایش و بریكاری وەزیری ناوخۆ و بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگاى سلێمانی و بەرێوبەری پۆلیسی سلێمانی و فەرماندەی لیوای پاراستنی سلێمانی ئامادە بوون.