قوباد تاڵەبانی لەگەڵ فەرمانگەكانی پارێزگای سلێمانی كۆبووەوە
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران بەئامادەبوونی بریكاری وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری سلێمانی، لەگەڵ فەرمانگەكانی پارێزگای سلێمانی كۆبووەوە و لەبارەی باشتركردنی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و كێشەو كەموكوڕییەكان گفتوگۆیان كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا ئەمڕۆ 1 تەمموز (یولیۆی) 2021 جەخت كرایەوە لەسەر كەمكردنەوەی ڕۆتین لە فەرمانگەكانی حكومەت و بەرەنگاربوونەوەی ئەو گیروگرفتانەش تاوتوێ كران كە ڕووبەڕووی راپەڕاندنی كاروبارەكانی ھاوڵاتیان دەبنەوە، هەروەها ئاماژە بە گرنگی جێبەجێكردنی شۆڕكردنەوەی دەسەڵات كرایەوە وەك ھۆكارێك بۆ خێرا ڕاپەڕاندنی كارەكان.
قوباد تاڵەبانی دڵنیای كردنەوە بەم نزیكانە دەسەڵاتەكان شۆڕ دەكرێنەوە بۆ پارێزگار و بەڕێوبەرایەتییەكان و قەزاو ناحیەكان، ئەمەش لەپێناو پێشكەشكردنی خزمەتی زیاتر بە هاوڵاتیان و زووتر ڕاییكردنی مامەڵەكان و نەھێشتنی ڕۆتین.
جێگری سەرۆك وەزیران جەختی كردەوە لەسەر گرنگی هەماهەنگی كردنی زیاتری نێوان فەرمانگە حكومییەكانی پارێزگای سلێمانی لەپێناو باشتر بەڕێوەچوونی كاروباری ھاوڵاتیان و خزمەتكردنی باشتری شارەكان.