Skip to the content

قوباد تاڵه‌بانی‌: نه‌هێشتنی‌ ڕۆتین له‌ پێشەوەی گرنگیدانی پرۆژه‌ی‌ خزمه‌ته‌

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیران، لە میانی كۆبوونه‌وه‌ی لەگەڵ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی‌ پرۆژه‌ی‌ خزمه‌ت ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 7ی حوزەیران (یونیۆی) ى 2021، ڕایگه‌یاند نه‌هێشتنی‌ ڕۆتین له ‌ئه‌وله‌ویه‌تی‌ كاره‌كانی‌ پرۆژه‌ی‌ خزمه‌ته‌ و داوای لە‌ دیوانی وە‌زارە‌تە‌كانیش كرد كە‌ بنە‌ماكانی پڕۆژە‌ی خزمە‌ت جێبە‌جێ بكە‌ن لە پێناو كەمكردنەوەی ڕۆتین و پێشكەشكردنی خزمەتی باشتر بە هاوڵاتیان.

پرۆژه‌ی‌ خزمه‌ت له‌ 28 ی‌ ئابی‌ 2019 له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانه‌وه‌ په‌سه‌ندكرا پڕۆژەیەکە لە چواچیوەی چاکسازییەکانی حکومەت و بۆ کەمکردنەوەی‌ رۆتین و بەرزکردنەوەی‌ ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و خێرا ڕاپەڕاندنی مامەڵەکانی هاوڵاتیانە تا دەگاتە سیستەمی یەک پەنجەرەیی لە‌ ئایندەدا.

لە كۆبونه‌وه‌كەدا كە به‌ئاماده‌بوونی‌ دیوانی‌ وه‌زاره‌ته‌كان بەڕێوەچوو ئه‌و كارانه‌ی‌ كه‌ ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی‌ به‌ هه‌وڵه‌كانی‌ بنبڕكردنی‌ ڕۆتینه‌وه‌ هه‌یه‌ له ‌داموده‌زگاكانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هەڵسەنگێندران .

جێگری سە‌رۆك وە‌زیران داوای‌ كرد هه‌وڵه‌كان چڕتر بكرێنه‌وه‌ بۆ كە‌مكردنە‌وە‌ی‌ دیاردە‌‌ی‌ و ئاماژەی بەوە كرد كە پێویستە بە‌ باشترین و ئاسانترین شێوە‌ ھاوڵاتیان سود لە‌ خزمە‌تگوزارییە‌كانی حكومە‌ت ببینن، هه‌روه‌ها داوای لە‌ دیوانی وە‌زارە‌تە‌كان كرد كە‌ بنە‌ماكانی پڕۆژە‌ی خزمە‌ت جێبە‌جێ بكە‌ن بۆ ئە‌وە‌ی رۆتین كە‌مبكرێتە‌وە‌ و خزمە‌تكردنی ھاوڵاتیان باشتر بكرێت.

جەختی لەوەش كردەوە كە‌مكردنە‌وە‌ی ڕۆتین لە‌ ئیرادە‌ و دە‌سەڵاتی حكومەتە‌ بۆیە‌ ھیچ بە‌ربە‌ستێك نییە‌ لەبەردەم‌ جێبە‌جێ كردنی پڕۆژە‌ی خزمە‌ت.

‌شیاوی باسە بۆ پرۆژه‌ی‌ خزمه‌ت له‌تۆڕی‌ ئه‌نته‌رنێت ماڵپه‌ڕێك ‌هەیە‌ به‌ناونیشانی‌ services.gov.krd كه‌ تایبه‌ته‌ بە پێدانی زانیاری بە هاوڵاتیانی خزمەتخواز بەمەبەستی ئاسانکاریكردن و کەمکردنەوەی ڕۆتین و ئاشناكردنی ھاوڵاتیان بە‌ پێداویستییە‌كانی ڕایی كردنی مامە‌ڵە‌کانیان و یە‌كخستنە‌وە‌ی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان لە‌ پارێزگاكانی ھە‌رێم.