قوباد تاڵەبانی دەستپێكردنی دروستكردن و دابەشكردنی "ژمارەی بێهاوتای كەسی" بۆ موچەخۆران ڕاگەیاند
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند: هەنگاوی باشمان بڕیوە بە ئاڕاستەی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێم لەڕێی بانکەوە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لەگەڵ وەزیری دارایی و ئابووری و لایەنەكانی پەیوەست بە سیستەمی بایۆمەتری كۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەمڕۆ چوارشەممە 9 حوزەیرانی (یونیۆی) 2021 چەند بڕیارێک دران لەبارەی پرۆسەی دابەشکردنی مووچە و میلاکات و ڕێکخستنەوەی پەیكەری حکومەتی هەرێم لە چوارچێوەی قۆناغی دووەمی بایۆمەتری.
لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند: هەنگاوی باشمان بڕیوە بەرەو دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێم لەڕێی بانکەوە پشت بەست بە سیستەمی بایۆمەتری.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، دەستپێکردنی درووستکردن و دابەشکردنی "ژمارەی بێهاوتای کەسی" ڕاگەیاند کە بریتییە لە ژمارەیەکی تایبەت بە هەر مووچەخۆرێک و هاوکار دەبێت بە گەیاندنی خزمەتگۆزاری بە مووچەخۆران کە یەکێکیان کردنەوەی هەژماری بانکییە بۆ ئەوەی پرۆسەی دابەشکردنی مووچە بە ئەلکترۆنی بکرێت. ئاماژەی بەوەش كرد لیژنەی باڵای بایۆمەتری قۆناغی باشیان بڕیوە بەو ئاڕاستەیە.
جەختیش کرایەوە کە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم لەسەر بنەمای داتاکانی بایۆمەتری بێت وەک لەیاسای چاکسازییدا هاتووە.
لەكۆبوونەوەكەدا ھیوا ئەفەندی بەرپرسی فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری و سەفین غەفور راوێژكاری تایبەتی جێگری سەرۆك وەزیران و بەڕێوبەری بانك و گەنجینەكان بەشدار بوون.